jamal sargaty . Sarmand Hameed
01 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2016
ئەو چالاكییە لەلایەن كۆمەڵەیەكەوە بەناوی كۆمەڵەی سۆفیا ئەنجام دەدرێت، كۆمەڵەكە كۆمەڵەیەكی كچانەیە و كاری ئەدەبی و روناكبیری ئەنجام دەدەن. رێكخەری كۆمەڵەكە لەنجە خاوێ لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەنجامدانی بەكلتوور كردنی خوێندنەوەی كتێب یەكێكە لە پرۆژەكانی كۆمەڵەی سۆفیا لە شاری سلێمانی، ئامانجمانە هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە رۆشنبیر بكەین بە خوێندنەوەی كتێب، كتێب یەكێك لەو هۆكارانەیە كە وادەكات تاك رۆشنبیر بێت و خۆی پر زانست و زانیاری بكات".
لەنجە گوتیشی: "وەك كۆمەڵەكەمان بڕیارماندا كە كتێب بهێنینە سەر شەقامەكانی شاری سلێمانی و بە چەند تیمێك ئەو كتێبانە بە نرخێكی هەرزان لە چاو كتێبخانەكانی دیکەی شاردا بفرۆشین بە هاووڵاتیان تاكو سودی لێ وەربگرن، نرخی كتێبەكانیش لەسەدا 30 بۆ لەسەدا 40 داشكاندنیان بۆ كراوە".
بە گوتەی سەرپەرشتیاری چالاكییەكە هاووڵاتیان بەرێژیەكی بەرچاو سەردانیان دەكەن و لە ماوەی راگەیاندنی هەڵمەتەکەیان رێژەیەكی زۆریان لە كتێبەکانیان فرۆشتووە.
رێكخەری كۆمەڵەكە ئەوەشی گوت، تیمە گەرۆكەكانی كۆمەڵەكەیان لەرێی پایسكلەوە كتێب دەبەنە كۆڵانەكان و بەردەم ماڵان، تاوەكو ئەوانەشی لە ماڵەوەن سوود لە كتێبەكان وەربگرن، هەروەها بۆ ئەوانەی كە لەنێو پاس و ئۆتۆمبێلدان تیمەكانیان لەرێگەی ترافیك لایتەكانەوە كتێب دەگەیەننە ئەو كەسانەش.
هەڵمەت و كارەكانی ئەو كچانەی كۆمەڵەی سۆفیا جێگەی دڵخۆشی و نرخاندنی خوێنەرانی كتێبە و بە هەوڵێك بۆ ئاشتكردنەوەی هاووڵاتیان لەگەڵ خوێندنەوەی كتێب دادەنرێت كە بەهۆی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە ئێستادا خوێنەری كتێب زۆر كەمی كردووە.
تابان كەمال كچێكی خوێندكاری زانكۆیە،ئەو لە بارەی هەڵمەتەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "دەست خۆشی لەو كۆمەڵەیە دەكەم كە هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە و ئەوە كارێكی زۆر پیرۆزە ، هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەیەكی داخراوە و نەمان توانیوە وەك پێویست سوود لەكتێب وەربگرین، بۆیە ئەم كۆمەڵەیە كارێكی جوانیان كردووە كە بەداشكاندنی كتێبەكانیان ئەوهەڵمەتەیان راگەیاندووە و سودی زۆری هەیە بۆ خوێنەرانی كتێب".
تابان داوای لە رێكخراو و كۆمەڵەكانی تری كوردستان كرد كار بكەن بۆ زیاتر رۆشنبیركردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەرێگەی ئەنجامدانی چالاكی جۆرا و جۆرەوە دووبارە كتێب بهێننەوە نێو كۆمەڵگە و تاوەكو زیاتر سوود لە كتێب وەربگرنەوە.
لەماوەی بەرەوپێش چوونی تەكنەلۆژیا و دروست بوونی چەندین تۆری كۆمەڵایەتی لە جیهان وایكرد كە كتێب گرنگی خۆی لەدەست بدات وخوێنەرانی روویان لەكەم بوونەوە كردووە ، لە ئێستاشدا لەكتێبخانەكانی كوردستان وەك خاوەنەكانیان ئاماژەی بۆدەكەن خوێنەرانی كتێب زۆر بەكەمی روولە كتێبخانەكانیان دەكەن و برێكی زۆر كەم كتێب دەفرۆشن.