Sangar Hamad Azeez,
01 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
بە پێی راپرسییەکی ماڵپەری رێکخەری یەکێتی گەشتیارانی رووسیا، لەم ماوەی دواییدا خواستی گەشتیارانی رووسیا بۆ گەشت کردنیان بۆ وڵاتی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ماڵپەری رێکخەری یەکێتی گەشتیارانی رووسیا روونکردنەوەیەکی لەبارەی خواستی گەشتیارانی رووسیا بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە راستەوخۆ دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا خواستی گەشتیارانی رووسیا بۆ گەشت کردنیان بۆ وڵاتی تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەتایبەتی بۆ شارەکانی ئەنتاڵیا ، بۆدورم و دالامان.
جێگەی ئاماژەیە بەهۆی بارگرژی نێوان رووسیا و تورکیا ماوەیەک کەرتی گەشتیاری تورکیا سستی تێکەوت و بەڵام دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوانیان هەفتەی رابردوو هێڵی ئاسمانی تورکیا بە فەرمی گەشتەکانی دەست پێکردەوە .
لەلایەکی دیکەش هێلی ئاسمانی چارتەر بەهۆی تێکچوونی پەیوەندی هەردوو وڵات گەشتەکانی راگرت و تاوەکو ئێستاش گەشتەکانی دەستی پێ نەکردووەتەوە و بڕیارە لە کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان و ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا کە لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت ئەو بابەتە بخرێتە بەر باس و گفتوگۆ.