Rewa Mahmood Hasan
19 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
هەڵەبجە-AA
بەمەبەستی چێژوەرگرتن لە بەفربارینی ئەمساڵ و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لەگەڵ کەسوکار و ئازیزانیاندا، ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری شارەکانی هەرێم، ناوەڕاست و باشووری عێراق روودەکەنە خاڵی سفری سنووری ئێران لە سەیرانگای ئاوێسەر لە ناوچەی هەورامان.

لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی چواردەوری هەوارامان، بەتایبەت لە سەیرانگەی ئاوێسەر کە خاڵی سفری سنووری عێراق و هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئێران، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رۆژانە پەیتا پەیتا سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، وێنەگرتن و شەڕەتۆپەڵ.

گەشتیارەکان بەشێکی زۆریان خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بوون و ئەوانی تریش لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، بەغدا و باشووری عێراقەوە هاتبوونە سەیرانگەکە، بۆ بینینی دیمەنی دڵڕفێنی هەورامان.

لە خاڵی سفری سنووریی ئێران کە تیایدا لەوحەی تایبەت بە جیاکردنەوەی سنوورەکان دیارن، گەشتیارەکان سەرقاڵی شەڕەتۆپەڵن.
هەندێک لە گەشتیاران بە جلوبەرگی ناوچەیییەوە دەردەکەون، لەوانە جزداشە و عەگال و کڵاو و جامانەوە.