Ramal Mahmood
02 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2016
عەنتاب - AA
ئەو دۆشاوە سرووشتییەی کە بە رێگا باوەکانی ناوچەکە لەلایەن پیاوانی عەنتابەوە دروست دەکرێت، لەلای هاووڵاتییان رەواجی زۆری لەسەرە.
چەند رۆژێکە دانیشتوانی گەڕەکی تۆکدەمیری شارۆچکەی شەهیدکامیل سەربە پارێزگای عەنتاب بە دروستکردنی دۆشاوەوە سەرقاڵن. دانیشتوانی گەڕەکی جیوار بە تراکتۆر ترێ دەهێننە گەڕەکی تۆکدەمیر، پیاوانی گەڕەکی تۆکدەمیریش لەناو حەوزەکاندا بۆلو و هێشووە ترێکان دەگوشن.
بەچوار قۆناغ ئاوی ترێ بەرهەمدەهێنن و لە ناو حەوزەکان دەکرێت، لەدوای ئەوە کورەی حەوزەکان دادەگیرسێنرێت و ئاوی ترێکە دەبێتە دۆشاو.
خاوەنی حەوزەکە، مستەفا قەرەییڵان لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەرێگا باوەکانی ناوچەکە دۆشاوی ترێ دروست دەکەن. ئاماژەی بەوەدا کە دروستکردنی دۆشاوی ترێ لە باوک و دایکیانەوە فێربوون و گوتی: "دۆشاوێکی سروشتییە. بژێوی ژیانمان بە درووستکردنی دۆشاو دابین دەکەین. هەموو کەس ترێکە لە رەزی خۆیانەوە دەهێنن. ئێمەش لێرە بە ئامێری گوشین ترێکە دەگوشین و ئاوەکەی دەردێنین. دوای ئەوەی دەیکەینە دۆشاوی سروشتی رادەستی خاوەنەکانیان دەکەینەوە".
مستەفا قەرەییڵان ئاماژەی بەوەدا رەزەوانان دوای جێهێشتنی ترێ لە حەوزەکان دواتر دێنەوە بۆ بردنەوەی دۆشاوە درووستکراوەکە و، گوتی: "بۆ دروستکردنی دۆشاو دێنە ئێرە. لێرە دۆشاو درووست دەکەن. لەبەرامبەر بەکارهێنانی حەوزەکان دۆشاومان دەدەنێ. ئەگەر کرێکاریش کار بکات لەگەڵیان ئەوا پارە دەدەن بە کرێکارەکان. لەبەرامبەر هەر مەنجەڵێکی گەورەی دۆشاو شەش کیلۆ دۆشاو وەردەگرین بەهۆی بوونی ئەو حەوزانەوە کارئاسانی زۆر هەیە. ئەوە دۆشاوی تەڕی سروشتییە. دۆشاوی مێوژ نییە".
مستەفا قەرەییڵان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دۆشاوەکە ئێجگار بەتام و باشە و رەواجی زۆری لەسەرە.
دانیشتوویەکی گەڕەکەکە، بەناوی سینان یەشار ئاماژەی بەوە دا کە ئەو دۆشاوەی لە حەوزەکان درووست دەکرێت زۆر خاوێن و باشە بۆیە ترێ دەهێننە ئێرە و، گوتی: "ترێکە لە رەزی خۆمان رەنێو دەهێنین. دەیهێنینە ئێرە. گرنگترین تایبەتمەندی سروشتی بوونیەتی. دەزانین کە ئەو دۆشاوە لە ترێی خۆمان درووستکراوە. ئەو کولتوورە لەباوباپیرانمانەوە ماوەتەوە. بە بەردەوامی ساڵەهای ساڵە بەمجۆرە درووست دەکرێت".
هاووڵاتیی حەسەن قەرەییڵان ئاماژەی بەوە دا کە ساڵەهای ساڵە دۆشاو بە دەستی خۆیان درووست دەکەن، لەسێ تۆن بارگەڵابە ترێ نزیکەی ٤٥٠ کیلۆ دۆشاو بەرهەمدەهێنرێت.
گوتیشی: "بەشی خۆمانی لێ هەڵدەگرین. ئەوەی دیکەش دەفرۆشین. بەهۆی باشی جۆری ترێکەمان ساڵەهای ساڵە دۆشاوەکەمان تایبەتمەندێتی خۆی لەدەست نەداوە. داواکاری زۆری لەسەرە".