Azat Muhammet
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2017
دهۆک - AA
ئەندامى باڵاى لیژنەى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى کوردانى ئێزدى، حسێن قاسم حەسون رایگەیاند "ئەو لیژنە باڵایەى کە لە لایەن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ١٧ى ئابى ساڵى ٢٠١٤ بۆ بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال و تاوانەکانى داعش دامەزرێنرا، پێچەوانەى کار و بەرنامەکانى حکوومەتى هەرێم دەرچوون، پلان و پڕۆژەکانیان وەک لە ئاست چاوەڕوانیدا نەبوو".
حسێن قاسم حەسون لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لە بنکەى لالش لە پارێزگاى دهۆک شکستهێنانى کاروبارى لیژنەى باڵاى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال و تاوانەکانى داعشى راگەیاند و گوتى: "لیژنەى باڵاى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال و تاوانەکانى داعش بە بڕیارى سەرۆکوەزیرانى هەرێم دامەزرێنرا و ئامانج و ئومێدێکى گەورەمان لەسەر ئەو لیژنەیە هەبوو، بەڵام پێچەوانەى خواستى سەرۆکوەزیران دەرچوو، بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى باڵاى جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال لە پێناو بەرژەوەندى حزبى و کەسى رێزیان لەم کەیسە نەگرت، بۆیە ئەمڕۆ هاتووم تەواوى گلەییەکانم بدرکێنم، ئەگەر ئەو ئەندامە کەمتەرخەمانەى لیژنەى باڵا ویژدانیان هەبووایە بەرامبەر ئەوەى بەسەر کوردانى ئێزدى هات، بە هەموو شێوەیەک خزمەتى کەیسەکەیان دەکرد، تەنانەت رێگە بە ئەندامە دڵسۆزەکانیش نادەن کارەکانى خۆیان رایی بکەن".
گوتیشى: "مەلەفى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال لە ئێستادا کارەکانى نزیک بووەتەوە لە وەستان، چونکە لیژنەى باڵاى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال و تاوانەکانى داعش ماوەى سێ ساڵە هیچ بەرنامە و پڕۆژەیەکی ئەوتۆیان لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان نەبووە و لە ماوەى سێ ساڵدا تەنها یەک سەردانیان بۆ ئەورووپا ئەنجامداوە. لیژنەى باڵا شکستی هێناوە لە کۆکردنەوەى دیکیۆمێنت و بەڵگەکانى تاوانى داعش و هیچ کار و بەرنامەیەکى لە دەرەوەى کوردستان نەبووە و بە هۆى پێشێلکارى یاسایی و بوونى گەندەلی بەرژەوەندى حزبى و کەسى لیژنەکە شکستی هێناوە لە کۆکردنەوەى بەڵگە لەسەر تاوانەکانى داعش".
سەبارەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوردانى ئێزدى لە شنگال ئەندامى لیژنەى باڵاى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال، حسێن قاسم حەسوون کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانى شنگالە دەڵێت "زۆر بە داخەوە ماوەى سێ ساڵە ئێسک و پروسکى کوردانى ئێزدى لە شنگال کەوتووە بە بەرچاوى هەموو لایەک، کەچى هیچ رێزلێنانێک نەبوو بەرامبەر ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە، بە هەمان شێوە بە هۆى ناکۆکى حزبى بەڵگە لەسەر گۆڕە بە کۆمەڵەکان کۆنەکراوەتەوە، لیژنەکە جارێکى دیکە شکستی هێناوە لە کەیسى گۆڕە بە کۆمەڵەکان".
- "دامەزراندنى دەستەى دادوەرى تایبەت بۆ کەیسى شنگال، نا یاساییە و بارزگانى بە کەیسەکە دەکرێت"
ئەندامى لیژنەى باڵاى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال، حسێن قاسم حەسوون رووى قسەکانى کردە دەستەى دادوەرى تایبەت بە کەیسى شنگال کە ماوەیەک لەمەوبەر دامەزرێنراوە و گوتی: "ئەم دەستەیە ناسایاییە و کەسانێک دەیانەوێت هاوشێوەى داعش بازرگانى بکەن، داعش بە کچ و ژنانى ئێمەى کرد، ئەوانیش بە مەلەفى جینۆسایدى ئێزدییەکان بکەن بە شێوەیەکى حزبى یان شێوەیەکى کەسى، سەرۆکوەزیرانى هەرێم دەسەڵاتى بە لیژنەى باڵا داوە لق لە لیژنەى باڵا دروست بکات و پشت بە بڕیارى دادگا دادوەر بگرن بۆ بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال و تاوانەکانى داعش، بەڵام بە داخەوە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق هەستاوە بە دروستکردنى دەستەیەک لە پاریزگاى دهۆک، وەک بڵێى ئەمە کەیسێکى ناوخۆیی هەرێمى کوردستانە، کەچى بە بڕیارى حکوومەتى هەرێم ئەمە کەیسێکى نێودەوڵەتییە".
ئاماژەى بەوەشدا کە حکوومەتى هەرێم رێنمایی لێژنەى باڵاى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى شنگال و تاوانەکانى داعش بۆ دامەزراندنى دادگایەتى نێودەوڵەتى تایبەت، بەڵام بوونى دادەوەر و دەستەیەکى دادوەرى کە لە لایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق پێکهێنراوە بۆ ئەم کەیسە لێرە دژى رەهەندە نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە هەڵەیەکى کوشندەیە، ماوەى چوار مانگە لە هەوڵى چارەسەرکردنى ئەو هەڵانەداین تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە و هیچ کەسێک نەبووە هەنگاوێکیش بێتە پێش".
- "بە هۆى حەشدى شەعبى ناتوانین ژمارەیەک گۆڕى بە کۆمەڵ هەڵدەینەوە"
حسێن قاسم حەسون ژمارەى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى ئاشکرا کرد و گوتى: "تا ئێستا ٣٨ گۆڕى بە کۆمەڵمان لە سنوورى شنگال دۆزیوەتەوە ژمارەیەکى دیکەش لە گۆڕى بە کۆمەڵ هەن لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى چەکدارانى حەشدى شەعبى، بەڵام بە هۆى ئەو چەکدارانەوە تا ئێستا لێکۆلینەوە و پشکنین لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان نەکراوە".