Hamit Hüseyin
09 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2015
رۆژی ٣-٨-٢٠١٤ ئەو رۆژە بوو کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و پاش رێکخستنەوەی دووبارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رۆژی ١٣-١١-٢٠١٥ ئەم دەڤەرە کەوتەوە دەستی پێشمەرگە و رەوتی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان دەستی پێ کرد.
فەرماندەی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری شنگال لیوا بەهجەت تەیمەس سێلکی لە ئوم شبابیت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە رەوشی پێشمەرگە و ناوچەی شنگال دەکات و گوتی: "پاش رزگارکردنی شنگال ھەتا ئێستە داعش نەیتوانیوە ھیچ ھێرشێک بکات و ئەوەش نیشانەی نەمان و لاوازی ئەو تیرۆریستانەیە و ئەوان ئیتر ھێزی جارانیان نەماوە. ھەروەھا ئەوەی دیارە لە نێو تەلەعفەریش جموجۆڵیان ھەیە بەڵام لە تەلەعفەر خەڵکی مەدەنیشی تیایە کە ژیان بەسەر دەبەن".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "رەوشی شنگال لە رووی ئەمنی باشە و مەترسی لە سەر نەماوە بەڵام ئەوەی دیارە شنگال لەسەدا ٦٠ی زیاتر وێران بووە و ژیان لە نێو ئەو شارەدا زۆر زەحمەتە و بەتایبەتی بۆ خێزان لە ئێستادا نابێت و ھەوەھا شنگال لە ھەموو روویەکەوە پێویستی بە ھاوکاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ھەیە. لە شنگال ھیچ دووکان و بازاڕێک نەماوە، لە شنگال ئاو و کارەبا نییە و بە واتەیەکی دیکە لە شنگال پێداویستی ژیان زۆر بە کەمی بەدەست دەکەوێت".
لیوا بەهجەت لەبارەی بەرەوپێشچوونی ھێزی پێشمەرگە گوتی: "پێشمەرگە توانای پێشڕەوی ھەیە. ئێمە چاوەڕێی سەرکردایەتی کوردین ھەر شوێنێک کە خاکی کوردستان بێت و پێویست بێ ھێرش دەکەین. ھەروەھا با ئەوەش لە بیر نەکەین ئوپەراسیۆنەکانی ئێمە بەردەوام دەبن تا داعش دەگەیەنینە کۆتا قوناغ کە لە عێراق دەری بکەین و لە جیھانیش بەتەواوی لاواز بێت. ھەروەھا لە ئێستادا من ھیچ بەربەستێک لە شەڕی دژی داعش نابینم تەنیا ئەوەی دیارە ئەوان ئیتر ھێزی شەڕکردنیان کەمتر بووە و پەنا بۆ ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو دەبەن یاخود لە سنوورەکانیان مین دەچێنن".
لیوا بەهجەت تەیمەی سێلکی گوتی: "داعش بە کارە قیزەونەکانیان خەڵک دەترسێنن و ئەوان لە نێو شنگالیش چەند تاکتیکێکیان بەکار ھێنابوو کە لە نێو خانووەکاندا حەفریان کردبوو و یان لە خانووێک بۆ خانووێکی دیکە رێگەیان دروست کربوو ھەتا لە رەسەدی فڕۆکەکان دیار نەبن بەڵام ئەو تاکتیکانە بۆ شەڕی پێشمەرگە نابێت".
ناوبراو ھەروەھا گوتی: "شکستی تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە گەورەترین شکست بوو بۆ ئەو رێکخراوە چونکە شنگال ناوچەیەکی ستراتیژی بوو بۆ ئەوان و دوو ھێڵی پەیوەندی نێوان داعش و سووریای بەیەکەوە دەبەستەوە بەڵام لە ئێستادا ئەوان ھاتوچۆیان زۆر زەحمەت بووە و ئەوان رێگەکانی خاکی بەکار دەھێنن کە ئەوەیش بۆ ئوتۆمبێلە بارھەڵگرەکان زۆر زەحمەتە".
لە بارەی ئامادەکارییەکانی ئێستای پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا ناوبراو گوتی: "ھەموو ئامادەکارییەکی سەربازی و تەندروستی بۆ پێشمەرگە لە شنگال کراوە و بەتایبەتی لەو وەرزە و ھەروەھا بەنیسبەتی چەک ھەموو جیھان بانگەوازی ئەوە دەکات کە پشتگیری لە پێشمەرگە دەکەن بەڵام زیاترینی پشتگرییەکان لە ئاسمانن لە زەوی یارمەتییەکی کەم بە پێشمەرگە گەیشتووە و ھەتا ئێستا ھیچ چەکێکی نوێ نەھاتووە بۆ ھێزی پێشمەرگە، لە ھەمانکاتدا ئێمە سوپاسی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەکەین و داواکارین کە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری پێشمەگە بکەن".
لەبارەی پاککردنەوەی شنگال و تیمەکانی ھیندسەوە لیوا بەهجەتگوتی: "وەک ئاماژەم پێداوە شنگال زیاتر لە سەدا ٦٠ی رووخاوە و ئەو شوێنانەی کە ماون ئەوانیش جێی گومانن و ھەر لە سەرەتای ئازادکردنی شنگال تیمەکانی ھیندسە بەردەوام کاریان کردووە کە ئەو شوێنانە لە مین پاک بکەنەوە و ئێمە ھەموو پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیەمان ئاگەدار کردووە ھەتا خانووەکان پاک نەکرێنەوە داخڵی نەبن".
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە درێژەی بە لێدوانەکەی دا و گوتی: "داواکارین پێش ھەموو شتێک شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک بگەڕێتـەوە و خوێندنی قوتابخانە دەست پێ بکاتەوە و خەڵکی شنگالیش دەبێ رەچاوی ئەوە بکەن دامەزراوەکانی حکوومی بگەڕێنەوە، پاشان دوای بگەڕێنەوە زێدی خۆیان کە ئەویش لە ماوەیەکی نزیکدا روو دەدات و ھەورەھا ئەوەی من دەڵێم و دڵنیایی تەواو دەدەم بە خەڵکی ئەو ناوچەیە کە ئیتر لە رووی ئەمنییەوە شنگال ھیچ مەترسییەکی لەسەر نییە".
لەبارەی ئوپەراسیۆنی مووسڵ لیوا بەهجەت تەیمەی سێلکی گوتی: "مووسڵ لە ھەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و تەنیا یەک رێگەیان ماوە ئەویش لە سنووری روومادیە، باشووری رۆژاوا کە ھەتا ئێستا حەسار نەدراوە. لە سنووری تەلەعفەریش ئێمە تەنیا ٢٢ کیلومەتر لە سەنتەری شارەکە دوورین، ئەوان لە ژێر چاودێری ئێمەن و ھەر کاتێک بڕیار ھەبێت بێگومان دەتوانین ئەویش کۆنترۆڵ بکەین".
ئەو سەبارەت بە ھەبوونی حەشدی شەعبی لە شنگال و دەوروبەری گوتی: "ھەبوونی حەشدی شەعبی بە ھەموو شێوەیەک لەو ناوچەیە قەدەغەیە و ئێمە قەبووڵی ناکەین بەڵام چەند ھێزێکی دیکە لێرە ھەیە کە تەنیا درووشم دەدەن و ئاڵا بەرز دەکەنەوە و ھیچ رۆڵێکیشیان لە ئازادکردنی شنگال نەبووە".
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆتا خاڵی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش ھیوای خواست ھەموو لایەنێک لە سەنگەری دژی تیرۆریستانی داعش یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی بتوانن رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناو ببەن.