Zana Natık Kerem
27 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق لە راپۆرتێكدا ئاماری كوژراونی رۆژنامەنووسانی لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوو بڵاو كردەوە و رایگەیاند لەوەتەی هاتنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئەمساڵ ٤٥٥ رۆژنامەنووسی عێراق كوژراون.
بەپێی راپۆرتەكە ٢٠ رۆژنامەنووس لە میانی ساڵی ٢٠١٦دا كوژراون كە زۆربەیان لەسەر دەستی داعش بووە و بەمەش ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانە كە لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئەمساڵ لە عێراق كوژراون بۆ ٤٥٥ رۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق ئاماژەی بەو مەترسییە گەورانە داوە كە رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە عێراق و روونی كردووەتەوە كە كاری رۆژنامەوانی لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٦دا، زۆرێك لە كارەسات و دەردەسەری بەخۆوە بینی و هەروەها رۆژنامەنووسان رووبەڕووی ھەڕەشەی كوشتن و تۆقاندن بوونەتەوە ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی رێگە بە دەسەڵاتی چوارەم نەدرێت تا رۆڵی پیشەیی و چاودێری خۆی ببینێت.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق، كە هێشتا كاری رۆژنامەنووسی لە عێراق مەترسیدارە و تەنانەت یاسایەك نییە تا گیانی رۆژنامەنووسان لە هەڕەشە و مەترسییەكان بپارێزێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێك لە سێكتەرەكانی دەوڵەت، رۆڵی ئەرێنی خۆیان بەرامبەر رۆژنامەنووسان پشتگوێ خستوون لە پێناو ئەوەی كارە هەڵەكانیان ئاشكرا نەبێت.