Ramal Abdullah Mahmood
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
ماڵاتیا - AA
مەلەوانگەی کودرەت کە دەکەوێتە ناو خەرەندی تۆهما لە قەزای دەرەندە سەر بە پارێزگای ماڵاتیا، چوار وەرزی ساڵ پلەکانی گەرما ٢٢ پلەیە بە هۆی بوونی ئاوی گۆگردی هاووڵاتییان بەچڕی رووی تێدەکەن.
ئەم مەلەوانگەیە لە لایەن وەقفی خولوسی ئەفەندییەوە نۆژەنکراوەتەوە، قوڵاییەکەی جێ بۆ جێ لە نێوان ٨٠، ١٢٠ و ١٥٠ سانتیمەترە. بە تێکڕایی کێشی ئاوی ناو مەلەوانگەکە ١٠٠ تۆنە. هەر خولەکێک لە سەرچاوەی ئەشکەوتە سرووشتییەکانەوە ٢٧ لیتر ئاو دەڕێژتە ناو مەلەوانگەکە.
بەرپرسی مەلەوانگەکە، نەجاتی چەلیک بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، رژانی ئاو لە سەرچاوەی ئەشکەوتە سرووشتییەکانەوە بۆ ناو مەلەوانگەکە دیمەنێکی ناوازەی بە ناوچەکە بەخشیووە. ئاماژەی بەوەشدا دوای توێژینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دەرکەوتووە کە ئەم ئاوە بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی وەک فشار، ئازاری جومگەکان و نەخۆشییەکانی پێست بەسوودە.
عەبدولحامید جۆشکون کە لەگەڵ خێزانەکەی لە ئیستانبوڵەوە روویان کردۆتە مەلەوانگەکە، ئاماژەی بەوە دا کە مەلەوانگەی ناو خەرەندەکە جوانییەکی ئەفسوناوی هەیە.
موحسین ئاجەریش کە لە بورساوە هاتووە، گوتی: "کەس لە دەرەوەی ئەوەی بە خەیاڵدا نایەت کە مەلەوانگەیەکی دانسقە لەناو خەرەندێک هەڵکەوتبێت. پێشنیاز دەکەم بۆ هەموو ئەو کەسانەی رێگەیان دەکەوێتە ئەم ناوچەیە بێن ئەو جوانییە پەنهانە ببینن".