Zana Natık Kerem
03 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراق، ئەیاد رافد رایگەیاند كە بەهۆی باران بارینەوە، رەوشی مرۆیی ئاوارەكانی مووسڵ لە هەر دوو كامپی خازر و حەسەن شام بەبەراورد لەگەڵ ماوەكانی رابردوودا، زۆر نالەبار و دژوارتر بووە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەیاد رافد گوتی: "باران بارینەكەی دوو رۆژی رابردوو، قەیرانی ئاوارەكانی زیاتر سەخت و دژواتر كردووە بەتایبەتیش لە رووی مرۆییەوە".
ئەیاد رافد گوتیشی: "ماوەی دوو رۆژە بەهۆی باران بارینەوە، خێزانە ئاوارەكان لە هەر دوو كامپی خازر و حەسەن شام، گیریان خواردووە و ناتوانن لەناو ئەو دوو كامپە هاتوچۆ بكەن".
ئەندامەكەی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراق باسی لەوەش كرد كە خێزانە ئاوارەكان لەناو هەر دوو كامپی خازر و حەسەن شام، خولێكی زۆریان لەبەردەم خێوەتەكانیان بەرزكردووەتەوە تا ئاو دزە ناكاتە ناو خێوەتەكانیان.
ئەو رەوشی مرۆیی لە ناو ئەو دوو كامپەدا بە دژوار و سەخت وەسف كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە لە ئێستادا لایەنە پەیوەندارەكان لە هەوڵی ئەوەدان تا ئاوی بارانەكە لەناو هەردوو كامپەكەدا راماڵنە دەرەوە.
ئەیاد رافد هەروەها گوتی: "پتر لە ٥٠ بارهەڵگر كە كەلوپەل و پێداویستی سەرەكی مرۆیی جۆراوجۆریان هەڵگرتبوو گەیشتنە كامپی ئاوارەكانی مووسڵ كە لەلایەن دیوانی وەقفی سوننی رەوانە كرابوون بۆ ئەوەی بەسەر خێزانە ئاوارەكاندا دابەش بكرێن".
لەلایەكی دیكەوە بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جاسم عەتییە رایگەیاند كە بە دانانی ١٥ هەزار خێوەتی دیكە بۆ ئاوارەكانی مووسڵ لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆی ژمارەی خێوەتی ئاوارەكان گەیشتە ٦٥ هەزار خێوەت.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جاسم عەتییە گوتی: "لە ئێستادا رەوشی ئاوارەكان لە خێوەتەكان لە رووی فریاگوزارییەوە كۆنترۆڵكراوە".
بریكارەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد كە بە ئامانجی دروستكردنی کامپی دیكە بۆ ئاوارەكانی مووسڵ، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان لە گفتوگۆ دایە.