Mehmet Akif Parlak
03 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2022
عەنتاب – AA
وەستایانی دروستکردنی پاقلاوە لە عەنتاب، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئەو داواکارییانە رابگەن کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان لەسەر پاقلاوە دروست بووە، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە و شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەکتر.
"پاقلاوەی عەنتاب" کە یەکەمین بەرهەمی خوانسازیی تورکیایە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە تۆمار کراوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان داواکارییەکی زۆری لەسەر پەیدا بووە لە سەرتاسەری تورکیا. وەستاکانی دروستکردنی پاقلاوەیش بۆ ئەوەی بەتەواوی داواکارییەکان رابگەن، شاگردی دیکەیان هێناون و ماوەی کارکردنیان لە ١٢ کاتژمێرەوە گەیاندووەتە ٢٤ کاتژمێر.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کارگەیەکی دروستکردنی پاقلاوە لە عەنتاب، لەوەند ئاکتاش بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە وەستانێک لە کارەکانیاندا رووی دابوو، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژن بازاڕیان گەرم بووەتەوە.
لەوەند ئاکتاش بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە لە جەژندا زیاتر پاقلاوە پێشکەش بە میوانان دەکرێت، گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژندا بەهۆی داواکاری زۆر لەسەر پاقلاوە، شاگردی دیکە دەهێنین. پاقلاوە بۆ دەرەوەی وڵاتیش رەوانە دەکەین. لە میانی رۆژێکدا پاقلاوە دەگەیەنینە پارێزگاکانی دیکەی وەک ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمر کە لە رێگای ئینتەرنێتەوە داوا دەکرێت".
وەستای دروستکردنی پاقلاوە، ئەحمەد فاروق شەنەل ئاماژەی بەوە دا کە تەواوی کارگەکانی دروستکردنی شیرینی جەژن وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینن و گوتی: "جەژنی قوربان نزیک بووەتەوە و داواکاری لەسەر پاقلاوە زیادی کردووە، بەم هۆیەوە شاگردمان تەنانەت بۆ لە پاکەتنانیش گرتووە".