Sarmand Hameed
19 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەدواداچوون بۆ دۆخی لێقەوماوان و زیانەکانی باران و لافاوەکانی پارێزگای دھۆک و پرۆسەی بەھاناوەچوون دەکات و ھاوکارییەکی بەپەلە دەداتە ئیدارەی پارێزگای دھۆک.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری دھۆک، فەرھاد ئەترووشی وێڕای سەرەخۆشی و ھاوخەمی بۆ خێزان و کەسوکاری ئەو دوو قوربانییەی لە ئەنجامی لافاوەکانی سنووری پارێزگاکە لە سێمێل و زاخۆ گیانیان لە دەست دا، بە وردی بەدواداچوونی بۆ دۆخی لێقەوماوان و مەزەندەی زیانەکان و کارەکانی بەھاناوەچوون و چۆنیەتیی ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی لێقەوماوان و زیانمەندانی کرد.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پشتگیری بۆ کاری دامودەزگا پەیوەندارەکان بۆ بەھاناوەچوونی لێقەوماوان دووپات کردووەتەوە و بڕیاریداوە وەک ھاوکارییەکی بەپەلەی بەھاناوەچوون، بڕی یەک ملیار دینار لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە، پێشکەش بە ئیدارەی پارێزگای دھۆک بکرێت.
لای خۆیەوە پارێزگاری دھۆک، سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ خەمخۆری و بەسەرکردنەوەی دۆخی لێقەوماوان و پارێزگاکە.