Heman Hussein Yaseen
08 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2020
هه‌ولێر - AA
به‌م دواییانه به‌رده‌وام سه‌گی به‌ڕه‌ڵڵا له دره‌نگانی شه‌و و به‌ره‌به‌یاندا به‌ڕه‌و له گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كان ده‌بیندرێن و زۆر جار له ئه‌نجامی رووداوی هاتوچۆدا به برینداری له قه‌راغ شه‌قامه‌كان ده‌كه‌ون و زۆرجاریش لەلایەن منداڵ و گەورەکانەوە ئازار دەدرێن و بێ لانە دەبن، بەڵام چه‌ند كه‌سێك به خۆبه‌خش خه‌می دابینكردنی خۆراك و چاره‌سه‌ری پزیشكیی سەگەکانیان گرتووه‌ته ئه‌ستۆ و ژماره‌یه‌كی زۆریان له شێڵته‌رێکدا كۆكردووه‌ته‌وه.
رێكخراوی ئاژه‌ڵدۆستی كوردستان ماوه‌ی ساڵێك ده‌بێت، شوێنێكی داڵده‌دانی بۆ ئه‌و سه‌گانه‌ی كه بێ خاوه‌نن دابینكردووه و له رێگای چه‌ند خۆبه‌خشێكه‌وه كه ئارەز و خولیایان به‌خێوكردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییه بە ئاژەڵان، رۆژانه به‌دوای ئه‌و سه‌گانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه نه‌خۆش، بریندار و برسین بۆ ئه‌وه‌ی بیانگوازنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌گی تیادایه و رۆژانه خۆراكیان پێ ده‌ده‌ن و چاره‌سه‌ری ته‌ندروستییان بۆ ده‌كه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری شێڵته‌ر و ئه‌ندامی رێكخراوی ئاژه‌ڵدۆستی كوردستان، ئاشتی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی كاروباره‌كان و ژماره‌ی سه‌گه‌كانی نێو شێڵته‌ره‌كه، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ساڵی ٢٠١٩ ئه‌م شێڵته‌ره‌كان دامه‌زراند، ئامانج لێی به‌خێوكردنی ئه‌و سه‌گانه‌یه كه بێ خاوه‌نن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێكخراوی وۆر پاوس یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ دابینكردنی ده‌رمان چونكه ده‌رمانه‌كان هه‌م نرخه‌كانیان گرانه و هه‌م كه‌میش ده‌ست ده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا ئامانجێكی دیكه‌مان ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سه‌گانه له زاوزێ بخه‌ین چونكه له زۆربه‌ی وڵاتانی دیكه‌شدا بۆ كۆنترۆڵكردنی زیادبوونی ئاژه‌ڵانی سه‌رشه‌قام ئه‌م كرداره ده‌كه‌ن''.
به‌شێك له سه‌گه‌كان ده‌ست یان قاچێكیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیشیان نەخۆشن کە به‌رده‌وام چاودێری پزیشكی ده‌كرێن و شوێنی تایبه‌ت به چاره‌سه‌كردنیان هه‌یه و له شوێنێكی تایبه‌ت به‌خێوده‌كرێن ئاشتی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌باره‌ی ژماره‌ی سه‌گه‌كانی ناو شێڵته‌ره‌كه گوتی: ''به گشتی ژماره‌ی سه‌گه‌كان ١٦٠ سه‌گه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ناو شێڵتهردان ژمارەیان ٧٦ سه‌گە و ئه‌وانه‌یشی کە ده‌ست یان قاچێكیان لەدەستداوە ژمارەیان ١٤ سه‌گە، هه‌روه‌ها توتكه سه‌گه‌كانیش له به‌شێكی دیكه‌ی شێڵتهرهكهدان''.
له شێڵتهرهكهدا، ١٨ كه‌سی خۆبه‌خش كار ده‌كه‌ن کە زۆربه‌یان بیانین، هه‌روه‌ها شه‌ش ستافی به‌رده‌وام له شێڵته‌ره‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن و له‌باره‌ی شێوازی وه‌رگرتن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كان، ئاشتی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی گوتی: ''كاتێك سه‌گه‌كه ده‌گوازرێته‌وه بۆ شێڵته‌ر، ئه‌وا به‌پێی حاڵه‌ته‌كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پێكوته‌ی ساڵانه وه‌رده‌گرن و له زاوزێ ده‌خرێن و خواردنیان پێ ده‌درێت، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ رۆژانه یه‌ك ژه‌م خواردنیان پێ ده‌ده‌ین، چونكه داهاتێكی جێگیرمان نییه و ئه‌مه‌ش وایكردووه كه تووشی دڵه‌ڕاوكێ بین بۆ دابینكردنی كۆمه‌ڵێك پێداویستی خۆراك و نه‌بوونی پزیشكی تایبه‌تیش یه‌كێك له گرفته‌كانی ئێمه‌یه''.
ئاشتی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه بەرلە ته‌واوبوونی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، چه‌ند پێشنیازێكیان ئاراستەی په‌رله‌مان کردووە بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی مافی ئاژه‌ڵدا بتوانن ژیانی ئاژه‌ڵان له هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و مافی ئاژه‌ڵان پێشێل نه‌كرێت، به‌ڵام ته‌واوبوونی خولی په‌رله‌مان، پێشنیازه‌كه‌یان كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه.
یه‌كێكی دیكه له خۆبه‌خشه‌كان، ژنێكی بەریتانی-یه و ناوی ڤیكتۆر وایت ساین-ه، ئه‌و ده‌ڵێت پێشتر ئاهه‌نگی بچووكم دروست ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی فه‌ندی شێڵته‌ر بده‌ین به شوێنه‌كانی دیكه، به‌ڵام قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ ته‌واوی ئاهه‌نگه‌كانی لێ راگرتوون و له‌مباره‌یه‌وه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''من ماوه‌یه‌كی زۆره لێره وه‌ك خۆبه‌خش كار ده‌كه‌م، پێش ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبێته‌وه، ئاھەنگی بچووکمان دروست دەکرد و فەندی شێڵتەرمان دروست دەکرد، بەڵام لەوەتەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ راگه‌یەندراوه، ئەوا زیاتر یارمه‌تی هاوكاره‌كانم ده‌ده‌م له پێدانی ده‌رمان به سه‌گه‌كان''.
ڤیكتۆر وایت ساین گوتیشی: ''من سەگم خۆش دەوێت و دەمەوێت له كوردستان خۆبەخشانە خزمەتی سەگەکان بکەم، ئەمە کارێکە پەیوەندی بە حەزی خۆمه‌وه ھەیە و به‌رده‌وامیش ده‌بم''.
په‌رستاری په‌ناگه‌ی ئاژه‌ڵان له شێڵته‌ره‌كه، ئانا ئه‌نتۆنینا شوینتنیر كه ژنێكی به‌ڕه‌گه‌ز كه‌نه‌دی-یه و ماوه‌یه‌كه له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێیه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه رۆژانه چه‌ند كاتژمێرێك له شێڵته‌ره‌كه ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ته‌ندروستیی بۆ سه‌گه‌كان دابین بكات و باس له بابه‌تی ته‌ندروستی سه‌گه‌كان ده‌كات.
ئانا ئه‌نتۆنینا شوینتنیر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''رۆژانه چوار تا پێنج كاتژمێر له‌م شێڵتهرهم بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابم كه سه‌گه‌كان پێویستییان به هیچ نییه، جاری وا هه‌یه سه‌گه‌كان تووشی شه‌ڕ ده‌بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ده‌رمانیان ده‌كه‌م، یەکێک لە کێشەکانمان ڤایرۆسێكه كه تووشی توتکە سەگەکان دەبێت، ئەم ڤایرۆسە لە سەرەتای ژیانی تا شەش مانگی ته‌مه‌نی ئەگەری ھەیە تووشی بێت، ئه‌م ڤایرۆسه له وه‌رزی سه‌رما په‌یدا ده‌بێت و هه‌ر سه‌گێك هێزی به‌رگریی له‌شی به‌هێز بێت ئه‌وا ده‌توانێت چاكبێته‌وه، ئه‌گه‌رنا ده‌مرن، هه‌ر بۆیه‌ش تا بتوانین تووتكه سه‌گ وه‌رناگرین مه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ی پێویست بێت''.
ئانا ئه‌نتۆنینا شوینتنیر گوتیشی: ''سەگە بریندارەکان دەبێت بەردەوام تیمار بکرێن و ده‌رمانی پێویستییان پێ بدرێت، یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە کاتێک سەگەکان ژانێکیان ھەبێت ئێمە نازانین ژانەکە چۆنە و هه‌ستی پێ ناكه‌ین، به‌ڵام به گشتی خۆشحاڵم كه ده‌توانم خزمه‌تێكی سه‌گه‌كان بكه‌م''.