Hemin Hüseyin
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
لە ماوەی سێ ساڵەی شەڕی دژ بە داعش، رۆژانە ژمارەی قوربانییەکان روو لە زیادبوون بوو، سەرەڕای ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە تایبەت بۆ کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی دوایین ئامار، نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و سێودینان جێگیر کرابوون، سەرپەرشتیاری کەمپەکانیش لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ژمارەی ئاوارەکان لەو کەمپانە نزیکەی ٥٩ هەزار کەس دەبێت.
سەرپەرشتیاری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، رزگار عوبێد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، ژمارەی هاتنی ئاوارەکان زۆر کەمیکردووە و هاوکات ژمارەی دەرچوون لە ناو کەمپەکان زۆر زیادیکردووە، هەر دوێنێ ١٦ خێزان روویان لە کەمپەکان کرد و لە بەرامبەردا ٧٥٣ خێزان لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە ژمارەیان زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٠٠ کەس دەبوو، ئەمڕۆش ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و خەڵکێکی زۆر دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".
ئەو سەرپەرشتیارەی کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاشکرای دەکات دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، ئەوان دەچن لەوێ کۆمەك و هاوکاری بەسەر خەڵکی شارەکە دابەش دەکەن و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازی بارزانی کە سەرپەرشتیاری کەمپەکان دەکەین و لە هەوڵی ئەوەداین کە ژیانێکی باش بۆ ئاوارەکان دابین بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی داهاتوودا، چالاکییەکانمان دەگوازینەوە بۆ ناو شاری مووسڵ و لەوێ کۆمەک و هاوکاری بەسەر ئاوارەکان دابەش دەکەین".
رزگار عوبێد ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەکارییەکانییان تەواوبووە بۆ ئەگەری هاتنی بەشێکی زۆری ئاوارەکان لە بەرەی راستی مووسڵ بۆ کەمپەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "جارێ روون نیە کە خەڵکی لای راستی شاری مووسڵ بەرەو هەرێمی کوردستان دێن یان دەچنە حەمام عەلیل، بەڵام ئێمە ئامادەکاریمان کردووە بۆ هاتنی هەر شەپۆڵێکی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە دوا ئامار و ژمارەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر و سێودینان، رزگار عوبێد گوتی: "ئێستا لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و سێودینان نزیکەی ٥٩ هەزار ئاوارە هەیە و ئەو رێژەیەش رۆژانە لە دابەزیندایە و لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ئاوارەکان هاتنە ئێرە تەنیا جلوبەرگی خۆیان لەبەردابوو بەڵام ئێستا لە کاتی گەڕانەوەیان رێگایان پێ دەدەین سەرجەم ئەو کەلوپەلەکانەی کە لێرە وەریانگرتووە، لەگەڵ خۆیان بیانبەنەوە بۆ مووسڵ".
سەرپەرشتیاری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کە خۆشبەختانە ئەو ماوەیە هیچ نەخۆشییەک بڵاونەبووەتەوە و لەوبارەیەوە گوتی" :ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو بۆ ئێمە، لەو ماوەیەی کە ئاوارەکان لێرەن تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشییەک لەناو کەمپەکان بڵاونەبووەوە هاوکات هیچ کەسێک بەهۆی کەمتەرخەمی خزمەتگوزارییەوە گیانی لەدەست نەداوە".
لەگەڵ پەلاماردانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق، کۆمەڵێک هاووڵاتی سڤیل ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی عێراق بوون و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان پشکی شێری بەرکەوت بە جۆرێک تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە کەمپی دیبەگە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس و لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و سێودینان نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس بە شێوەیەکی کاتی جێگیرکران و لە ئێستادا ئەو رێژەیەش دابەزیووە.