Heman Hussein Yaseen
25 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
بە دروشمی نەهێشتنی جیاکاریی، تواناسازیی و بەشداریی کارا هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشیر خەلیل و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، ژمارەیەک پەرلەمانتار و رێکخراو لە هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ دووشەممە لە رۆژی جیھانی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژیی دژبە ئافرەتان، هەڵمەتێکی ١٦ رۆژە دەستیپێکرد کە تیاییدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەم بوارە بەڕێوەدەچێت و لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەشدا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، پەخشان زەنگەنە گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە دۆخی ئافرەتان لە کوردستان کرد و ئاماژەی بە چالاکییەکانی ئەو ھەڵمەتە نیشتمانییە کرد کە لە میانی ١٦ رۆژدا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و رێکخراوەکانی دیکەی تایبەت بە ئافرەتان و کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق رایگەیاند کە توندوتیژی بەیەکێک لە بۆنە نێودەوڵەتییەکان دادەندرێت کە رۆژێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەیەکی قوڵی جیهانی کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە و رەهەندێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیشی هەیە و راستەوخۆش پەیوەستە بە پەیوەندی نابەرامبەری ئافرەتان و پیاوان کە لەسەر جیاکاری کۆمەڵایەتی بونیادنراوە و دواجاریش وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گشتگیر خۆی وێنا دەکات.
رێواز فایەق گوتیشی: "ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی دامەزراوەکانە کە رۆڵی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بگێڕێت و لەم روانگەشەوە پێمان وایە ئەرکی ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان رەخساندانی باشترین هەلومەرجی یاساییە بۆ دامەزراوەکانی بواری ئافرەتان بەتایبەت ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان کە دەبێت وەک هەر دامەزراوەیەکی دیکە یاسایەکی تایبەت بە خۆی هەبێت و کاروبار و پەیکەر و دەستڕۆییەکانی دیاریی بکرێت و وابەستەیی یەکێک لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کرد کە زەمینە ئەمنیی و سەربازی بڕەخسێنن بۆ ئەوەی ئێزدییەکانی شنگال بگەڕێنەوە ناوچەکانییان و گوتی: "لە کەس شاراوە نییە کە خراپترین دۆخ بۆ ئافرەت، دۆخی جەنگە کە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی چەندین هێندە لە دۆخی ئاسایی زیاترە و نموونەشمان ژنان و کچانی ئێزدییە کە بوونە قوربانی هێرش و پەلاماری دڕندەیی داعش و لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی خۆیان لە بازاڕەکانی کڕین وفرۆشتنی کۆیلەوە مامەڵەیان پێوەکرا، لەئێستاشدا بەشێکیان چارەنووسیان نادیارە و ئەوانەیشی کە ئازادکراون هێشتا بە ئازاری ئەو برینە جەستییە و دەروونییەدا دەناڵێنن کە لە ئەنجامی پەلاماردانییانەوە تووشی هاتوون، بۆیە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان و حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێم دەکەم هەرچی زووە شنگال و گوندەکانی دەورووبەری ئاوەدان بکەنەوە و زەمینەی گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی لە رووی ئەمنیی وسەربازییەوە بڕەخسێنن".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی: "لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا، هێشتا توندوتیژی دژبە ئافرەتان نەبووەتە شتێکی عەیبە، بۆیە پێویستە لەوە دەستپێبکەین کە چۆن عەقڵیەت بگۆڕین، چیمان نەکردووە تا ئێستا کە بمانگەیەنێتە ئەو ئاستی هۆشیارییە، دەبێت ئەم پرسیارە لەخۆمان بکەین چونکە ساڵ لە دوای ساڵ لەم هۆڵە کۆدەبینەوە و چالاکی ئەنجام دەدەین، بەڵام توندوتیژی بەردەوامە، هەراسان بەردەوامە، تا ئێستا کەس لەسەر گێچەڵی سێکسی دەرنەکراوە و بابەتەکە قبوڵکراوە و نەبووەتە عەیبە، بۆچی دەبێت ئەمە قبوڵ بکەین".

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد گوتارێکی بەناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و تیاییدا رایگەیاند کە دەبێت پێشێلکارانی مافەکانی ئافرەتان سزا بدرێن و پشتگیری لە قوربانیان بکرێت.
رێبەر ئەحمەد گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی جیھانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان، ئەو رۆژەیە کە دەبێت بە بیر خۆمانی بھێنینەوە کە پێویستە کۆتایی بە یەکێک لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی دژبە مافەکانی مرۆڤ بھێنین. کەمترین دانپێدانان بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دەکرێت، ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان، وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی نیشتمانی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان رادەگەیەنین کە لەم ماوەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت".
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ھەموو ساڵێک لە ھەرێمی کوردستان ئەم ھەڵمەتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان بەڕێوەدەچێت گوتیشی: "دڵنیاشتان دەکەینەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەم ھەڵمەتە و ھەموو ھەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ نەھێشتنی توندوتیژی بەگشتی و بە تایبەتی دژبە رەگەزی مێینە و کارکردن لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەھێشتنی توندوتیژی خێزانی".
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە حکوومەتی ھەرێم لەماوەی رابردوودا چەند چاکسازییەکی ئەنجامداوە، ئەوانیش بە تاوانناساندنی کوشتنی ئافرەتان، بەرزکردنەوەی تەمەنی شوکردن و نەھێشتنی فرەئافرەت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مافی ئافرەتان لە رێگای بەزۆر بە شوودان، خەتەنەکردن، گێچەڵی سێکسی، سووکایەتی، هەراسان و کوشتن پێشێل دەکرێت".