Ismael Adnan Yaqoob
27 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2021
دهۆک - AA
لە ئێستادا پارێزگای دھۆک لە حەوت قەزا پێکھاتووە کە بریتین لە قەزاکانی ناوەندی دھۆک، زاخۆ، سیمێل، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان، ھەروەھا ٢٤ ناحییە و ژمارەیەک کۆمەڵگا و گوند دەکەونە سنووری جوگرافی ئەو پارێزگایە.
ساڵانە لە رۆژی بە پارێزگابوونی دھۆک فێستیڤاڵ و چالاکی بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەرێن کە دامودەزگاکانی حکوومی و حزبی و ناوەندەکانی رۆشنبیری و ھاووڵاتییان بەشداریی تیادا دەکەن.
ھەر لە میانی چالاکییەکانی ئەو یادەدا، بە بەشداریی لایەنە پەیوەندارەکان لە دھۆک گەژاوەیەکی ئۆتۆمبێل رێکدەخرێت بەجۆرێک ھەر ئۆتۆمبێلێک بە ھێما یان دروشمی فەرمانگەکەی خۆی دەڕازێنرێتەوە و لە شوێنێکی دیارییکراوی شارەکەوە بەرەوە ناوەندی دھۆک بەڕێدەکەون.
ساڵی رابردوو، بەھۆی رێککارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھیچ چالاکی و رێوڕەسمێک بەو بۆنەیەوە ئەنجام نەدرا.
لە ٥٢ ھەمین ساڵیادی پارێزگای دھۆک، بەچاودێری پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و ھونەری دھۆک فێستیڤاڵێکی رێکخست.
لە فێستڤاڵەکەدا، وێڕای نمایشی ھەڵپەڕکێ لەلایەن تیپی ھونەرە میللییەکانەوە ئەنجامدرا، ھاوکات خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەک کەسایەتی کاریگەر لە پارێزگای دھۆک.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دھۆک لە ساڵی ٢٠٢٠دا، یەک ملیۆن و ٦٤٤ ھەزار و ٦١٢ کەس بووە.
دهۆک بە یەکێک لەو پارێزگایانە دادەنرێت کە نموونەی بەرزی پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان لەخۆدەگرێت بەجۆرێک کە کورد، عەرەب و تورکمان ھەروەھا پەیڕەوانی ئایینەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، کلدان سریان ئاشوور لەو پارێزگایەدا نیشتەجێن.
بەھۆی پەلامارەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار ئاوارە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە روویان لە دھۆک کردبوو.
دھۆک لە رووی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە گرنگی تایبەتی ھەیە بەو پێیەی دەکەوێتە سەر سنووری ھەردوو وڵاتی تورکیا و سوویا ئەمەش وایکردووە کە ببێتە ھێڵێکی ستراتیژی بەتایبەت لەگەڵ تورکیادا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لەنێوانیادا لەو پارێزگایەوە دەکرێت.
هەڵکەوتەی جواگرفیی و سرووشتی دهۆک چیا و دۆڵ و دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت کە بەشێک لە ئەشکەوتەکانی مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، هەروەها زیاتر لە ١٥٠ ناوچەی شوێنەواریی دەکەونە سنووری ئەم پارێزگایەوە، ئەمەش وایکردووە کە گەشتیاران لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بەتایبەت لە وەزی هاویندا روو لەم پارێزگایە بکەن.