Heman Hussein Yaseen
05 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2023
ههولێر - AA
بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر حەسەن سامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، کۆتاییھاتنی پێشانگا چوار رۆژەکەی راگەیاند و تیشکی خستەسەر ئامارەکانی چوار رۆژی رابردوو.
بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی ھەولێر، حەسەن سامی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ''ئەم پێشانگایە ماوەی چوار رۆژی خایاند کە تیاییدا ٧٥ کۆمپانیا لە ١٣ وڵاتی جیاوازەوە بەشداربوون کە لەنێویاندا ١٠ بڕاندی جیھانی ھەبوو''.
حەسەن سامی گوتیشی: ''لەمیانی ئەو چوار رۆژەدا ٦٣ ھەزار و ٤٣٣ کەس سەردانی پێشانگاکەی کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا ٢٨٨ گرێبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجامدراوە''.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر، لەم ماوەیەدا ٤٣ شۆی درێفت و دوو شۆی نمایشی شارستانی مۆتۆڕسکیل ئەنجامدراوە''.
لەبارەی گرانترین و ھەرزانترین ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە نمایش کرابوون، حەسەن سامی گوتی: ''لامبۆرگینی گرانترین ئۆتۆمبێلی نێو پێشانگاکە بوو کە نرخەکەی ٤٠٠ ھەزار دۆلارە، ھەورەھا ئۆتۆمبێلی ئێم جی ھەرزانترین ئۆتۆمبێل بوو کە نرخەکەی ١٢ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار بوو''.
رۆژی دووی ئادار، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشانگای ئۆتۆشۆ لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر کرایەوە کە تیاییدا چەندین جۆری ئۆتۆمبێل نمایشکرابوون، ھاوکات لە گۆڕەپانی پێشانگاکە، چەندین ئۆتۆمبێل نمایشی درێفتیان ئەنجامدا و ئەمەش ببووە جێگای سەرنجڕاکێشانی ھاووڵاتییان.