Heman Hussein Yaseen
04 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2023
ههولێر - AA
بەرەی تورکمانی عێراقی رێوڕەسمێکی مەولوود خوێندنەوەی بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا رێکخست.
رێوڕەسمەکە لە مزگەوتی سەواف لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو کە تیاییدا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعرووف، سەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان، مەحموود چەلەبی، جێگری پارێزگاری ھەولێر ھێمن قادر، کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر مەولوود یاقوت و چەندین کەسایەتی دیکەی سیاسیی و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەشداربوون.
رێوڕەسمەکە سەرەتا بە خوێندنەوەی سوڕەتی فاتیحە دەستی پێکرد و دواتر مەولوودنامە لەلایەن مەولوودخوێنان خوێندرایەوە.
ھاوکات جگە لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی مەولوود خوێندنەوەکە، پێشانگایەک لە حەرەمی مزگەوت کرابووەوە کە ژمارەیەک لەم وێنانە نمایشکرابوون کە تایبەت بوو بە کارەساتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای قەهڕەمانمەڕەش لە تورکیا.
له نێو وێنهكانیش، ئهو وێنانهی ئاژانسی ئانادۆڵو نمایشكرابوون كاتێك تیمهكان سهرقاڵی بههاناوهچوون و رزگاركردنی قوربانییانن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی ٢٠٢٣، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە تورکیایان ھەژاند و سووریایشی گرتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی ٤،٧ پلە ھەستی پێکرا.
بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە ٥٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.