ھەولێر
بەپێی ھەندێ سەرچاوە، لەبەر بارودۆخی نالەباری پەنابەرانی سوریا لە ھەرێمی کودستان، لە دوو مانگی رابردوو تا ئێستا ٢٧٠٠٠ پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
لە سەردانێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ کەمپی پەنابەرانی سوریا لە کەورگۆسک-پارێزگای ھەولێر، پەنابەران بەم شێوەیە باسیان لە ھەلومەرجی ژیانیان کرد.
عایشە عەلی، پەنابەر گوتی "ئێمە لە سوریا لە دۆخێکی خراپدا بووین، بەڵام بارودۆخمان لە ھەرێمی کوردستانیش زۆر خراپە و پێداویستی زستانەمان نییە، منداڵانمان نەخۆش دەکەون ئاوی خواردنەمان پیسە، زۆربەی خەڵکی کەمپ توشی نەخوشی جۆراوجۆر بوون و خزمەتگوزارییەکان زۆر کەمن، لەبەرئەوە ئێمەیش وەک زۆر لە خزم و کەسەکانمان ئامادەباشی دەکەین بگەڕێینەوە سوریا."
رەفعەت یوسف، پەنابەر گوتی "ئێمە دۆخێکی خراپ بەسەر دەبەین، ناتوانین بۆ کارکردن بچینە ناو شار، کارتی نێشتەجێبوونمان نییە و ئەگەر ئەم بارودۆخە ھەر ئاوا بمێنێ ناچارین تا ١٥ رۆژی دیکە دووبارە کۆچ بەرەو وڵاتێکی دیکە بکەین یانیش بگەڕێینەوە بۆ سوریا."
ھەروەھا یوسف گوتی دوای تەقینەوەکەی ھەولێر بازگەکان زۆر ئازارمان دەدەن بەجۆرێک ناتوانین لە کەمپ بچینە دەرەوە، ئێمە لەبەر خراپی باردۆخی سوریا پەنامان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، نامانەوآ لێرەش بکەوینە نەھامەتیەکی دیکەوە.
ھەیسەم، پەنابەر گوتی "غازمان نییە، لە تەندروستیەکی خراپداین و خێمەکانمان شەوانە ساردن، بەجۆرێک تەنیا بەبەتانی خۆمان گەرم دەکەینەوە، رێگامان پێ نادەن بچینە ناو شار ئیش بکەین و کەلوپەلی زستانە پەیدا بکەین, پارەشمان نییە بگەڕێینەوە سوریا."
پیرۆز حەمە رەشید، پەنابەر گوتی" ئێمە لە سوریا لە ترسی شەڕوشۆڕی ناوخۆ ھەڵاتوین ، ئێمە بە چاوێکی گەورە تەماشای ھەرێمی کوردستانمان دەکرد, وەک ئەوەی کەس و کاری ئێمە بن و ھەمیشە ھیوا و ئاواتمان بن, بەڵام بەداخەوە دوای ئەو کارەساتە کە ھاتینە کوردستان ھیواکانمان پێچەوانە بوونەوە."
ھەروەھا ڕوونیکردەوە ئەو فەرمانبەرانەی لە ئیدارەی کەمپەکە کار دەکەن سوکایەتیی زۆر بە ئێمە دەکەن و نایەکسانی گەلێک زۆرە، من باوەڕم بەو حکومەتە نییە کە کورد بن، ئەوە دوو مانگ و نیوە ئێمە لە ھەرێمی کوردستانین ھیچ کارتێکمان بۆ دەرنەکراوە تا بتوانین منداڵانی خۆمانی پآ ببەینە نەخۆشخانە."
ھەروەھا گوتی "خەڵکی ئێمە ئەگەر ناڕەزایی دەرببڕن لە ئاسایش بانگ دەکرێن و بەتوندی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێ، بۆیە کوردەکانی سوریا لە دەست ناعەدالەتی و ستەم دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان."
ئەو پەنابەرە گلەیی لە بەرپرسانی حزبە کوردەکانی سوریاش کرد بەوەی "تەنیا پارە لە ھەرێم وەردەگرن و بۆ خۆیان لە خۆشیدا دەژین, کەچی نازانن ئێمە لێرەدا لە خراپترین بارودۆخداین، ئەگەر بەردەوام لەم دۆخەدا بین، ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ سوریا و سەربەرزانە دەمرین."
ئاسیا خان پەرستاری کەمپ کە لەلایەن لێژنەی تەندروستی ھەڵبژێردراوە و چاودێریی تەندروستی منداڵان دەکات, لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری AA کە بۆچی خزمەتگوزاریی تەندروستی کەمە؟ گوتی " لەبەر ئەوەی پەنابەر زۆرن، ئێمە بەپێی توانای خۆمان خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەین."
لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریایش لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سوریا، یەکێک لە بەرپرسانی سنوری پێشخاپور (مەعروف رەمەزان) بۆ AA گوتی" ئەو قسەیە راست نیە کە ٢٧٠٠٠ پەنابەری سوری گەڕابنەوە وڵاتی خۆیان، چونکە بۆ گەڕانەوە پێویستیان بە مۆڵەتی ئاسایش و پاسەوانی سنوو ھەیە تا بتوانن بە فەرمی بگەڕێنەوە، ئەگەریش ھەیە بە قاچاخ ئەودیوی سنوور بووبن."