Heman Hussein Yaseen
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
هەولێر - AA
لە درێژەی چالاکی و بۆنەکانی مانگی رەمەزان، ماڵی تورکمانیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری تورکمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری فیستیڤاڵێکیان بەناونیشانی چالاکی برایەتی و پێکەوەژیان ئەنجامدا.
یاری سنی سنیانێ یان سنی و زەرف کە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، ئیتر دەستە دەستە ئارەزوومەندانی ئەم یارییە لە پێکھاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و تا نزیک پارشێو ئەم یارییە ئەنجام دەدەن.
لە ھەولێریش بەھۆی کەشێکی تایبەت و بوونی چەندین پێکھاتە تیایدا، ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، لە ماڵی تورکمان وێرای ژەنینی میوزیک و گۆرانی گوتن، ئەوا یاریزانان ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی یاری سینی سنیانێ دەکەن و چەند یاریزانێک بەشێوەی تیم دابەش دەبن.
یاری سنی سنیانێ لە سنییەک و ١١ زەرف پێکدێت لە شتێکی بچووک لە یەکێک لە زەرفەکان دەشاردرێتەوە و لەلایەن دوو تیمی سێ کەسییەوە ئەنجام دەدرێت، یاریزان دەتوانێت لە کۆی ١١ زەرف، نۆ دانەی بەتاڵ بکاتەوە و دوو دانەیشی وەک گوڵ لێبدات.
ئەنجامدانی یارییەکە شێوازێکی تایبەتی ھەیە، ھەردوو تیمەکە بەرامبەر یەکتر دادەنیشن و بە درێژایی یارییەکە گۆرانی و قۆریات دەگوترێت، زۆرجاریش لەکاتی بردنەوەی تیمێک، دەھۆڵ و زوڕنا لێ دەدرێت و چەند خولەکێک دەبێتە ھەڵپەڕکێ، ھاوکات یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە براوەکە، سنییەکە لەسەر سەری دادەنێت و سەما دەکات و ئامادەبووانیش چەپڵەی بۆ لێدەدەن.