Heman Hussein Yaseen
26 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2023
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی چەند لایەنێکی سیاسیی تورکمانی و ژمارەیەک رۆژنامەنووس ماڵی تورکمانیی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەریی تورکمانی بەبۆنەی ١١٢ ساڵەی رۆژنامەگەریی تورکمانی رێورەسمێکیان رێکخست.
رێوڕەسمەکە بە چەند خولەکێک وەستان بۆ گیانی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا دەستی پێ کرد و پاشان گفتوگۆیەکی کراوە تایبەت بەم رۆژە بەڕێوەچوو.
بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا، بڕگەی ئاهەنگگێڕان و هەڵپەڕكێ لە رێوڕەسمەکەدا ئەنجام نەدرا.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەریی تورکمانی سەربە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیلان ئاڵتی پەرماغ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ١١٢ هەمین ساڵوەگەری رۆژنامەی ئەلحەوادیسە، بەهۆی ئەوەی تاکە رۆژنامە بووە بە زمانی دایک دەرچووە هەر بۆیەش لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە پەرلەمانی کوردستانیش بڕیاری لەسەرداوە و ٢٥ی شوبات وەک رۆژی رۆژنامەگەری تورکمانیی ناسێنرداوە".
گەیلان ئاڵتی پەرماغ گوتیشی: "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تورکمانی سەربە وەزارەتی رۆشنبیریی و لایەنی مەعنی هەموو ساڵێک ئەم یادە دەکەینەوە بە چالاکی جۆراوجۆرەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە، بۆ رێزگرتن لە قوربانییان رێوڕەسمێکی ئاهەنگئامێز ئەنجام نادەین و تەنیا گفتوگۆیەکی کراوە دەکەین و خەڵات دابەشی سەر ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەین کە لەم بوارەدا کاریان کردووە".
رۆژنامەی حەوادس، یەکەم ژمارەی بە زمانی تورکمانی و بە ئەلفوبێی سامی (عەرەبی)دەرچوو، رۆژنامەکە لە کەرکووک بۆ ماوەی ھەشت ساڵ بەردەوام بوو، بەھۆی ئەوەی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەوکات نەگونجا، لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە ساڵی ١٩١٨ کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی ھێنرا.
رۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە ١٣ی ئاسایی خۆیدا پرۆژە بڕیاری "بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمان"ی خستە دەنگدان، بە دەنگی ٧٣ پەرلەمانتار پەسند کرا و بە فەرمی رۆژی ٢٥ی شوباتی ھەموو ساڵێک بە رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمان ناسێندرا.