Sangar Hamad Azeez
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2017
کومانۆڤا - AA
نوڕا ئەرکاڤازی ئەو کچە کوردەی کە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بەوڵاتێکی رۆژئاوای ئەورووپا، عەشقی پۆلێسێکی سەر سنووری مەقدۆنیا دەبێت، چیرۆکی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەگێڕێتەوە.
ئەرکاڤازی تیشکی خستە سەرئەوەی کە پار ساڵ لەگەڵ خانەوادەکەی لە عێراقەوە بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچیان کردووە و گوتی: "کاتێک گەیشینە ناوچەی گەڤگەلی باشووری مەقدۆنیا بۆ ماوەی یەک رۆژ ماینەوە، دواتر بەمەبەستی چوون بۆ سربیا رێگای تابانۆڤجەمان گرتە بەر".
ئەرکاڤازی گوتی: "ئێمە گرووپێک پەنابەر بووین کە نزیکەی ٣٠٠ کەس دەبووین لە نێوانماندا تەنیا من ئینگلیزیم دەزانی، پەنابەران داواین لێکردم کەوا بپرسم پۆلیسەکان کەی دەست بەجوڵە دەکەن، پرسیم بەڵام پۆلیسەکان گوتیان بۆبی پۆلیس ئینگلیزی دەزانێت".
بۆبی دۆدەڤیسکی (هاوسەری نوڕا) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو رۆژە پشوو بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی ئینگلیزی دەزانی بەرپرسەکەی داوای لێکردبوو بێتە سەر کار.
ناوبراو گوتی: "ئەو رۆژەی هاوسەرەکەم ناسی باوەڕم بەچارەنووس کرد. لە یەکەم نیگا هەستم بەشتێک کرد بەرامبەر بەنورا، بەر لە نورا زۆر پەنابەر دەهاتن بەڵام ئەو هەستە جیاواز بوو لەگەڵ ئەو لە چاوەکانی شتێکی تایبەتیم بەدی دەکرد، هات پرسیاری کرانەوەی سنووری لێکردم، منیش پێم گوت کەوا پێویست بەنیگەرانی ناکات و لەمەودوا ژیانت بەرەو باشی دەچێت".
نورا ئاماژەی بەوە کرد کە دۆدەڤیسکی یارمەتی داوە تاوەکو بچیتە سربیا بەڵام لە لایەن سنوورپارێزانی سربیا سنوورداشی ناوچەی تابانۆڤجە کراوەتەوە و گوتی: "ئەو ماوەیەی لێرە بووم وەک وەرگێر لەگەڵ چالاکان و رێکخراوە مەدەنییەکان کارم دەکرد".
ئەرکاڤازی ئاماژەی بەوە دا لە دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا ویستوویەتی قسەی لەگەڵ بکات و، گوتی: "قسەمان کرد، یەکەم پرسیاری لەبارەی بۆبیەوە بوو کە ئایا خۆشەویستیمە یان هاوسەرمە. منیش لە وەڵامدا گوتم کە خۆشەویستم نییە".
نوڕا ئەرکاڤازی ئاماژەی بەوەشدا کە دوای مانگێک لە یەکتربینین و گفتوگۆ دۆدەڤیسکی داوای لێکردووە کە مەقدۆنیا جێ نەهێڵێت و لەگەڵ ئەو درێژە بەژیان بدات ئەویش بێ بیرلێکردنەوە بەداواکەی رازی بووە.
ئەرکاڤازی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە مەقدۆنیای خۆش دەوێت و هەست بەوە ناکات پەنابەرە و، گوتیشی: "وەک بڵێی ساڵەهای ساڵە خەڵکی ئێرە دەناسم و هەڵسوکەوتم لەگەڵ کردوون. تا دێت پەیوەندییەکانم لەگەڵ خەڵک فراوانتر دەبن. کە دەچم شت بکڕم هەوڵ دەدەم فرۆشیاران تێبگەیەنم کە زمانی ئینگلیزی نازانن. ئەوانیش پێدەکەنن و دەیکەنە گاڵتە. دەستم کردووە بە فێربوونی زمانی مەقدۆنی. لێرە هەست بەغەریبی ناکەم. هەست دەکەم لە وڵاتی خۆمم، تەنها ناتوانم بەزمانەکەیان قسە بکەم".
١٣ی تەمووزی ساڵی رابردوو لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ئەرکاڤازی بەبەشداری دەیان میوانی کولتور و نەژاد جیاوازی باکووری مەقدۆنیا ئاهەنگی هاوسەرگیریان ئەنجام دا. لە ئاهەنگەکەدا دابونەریتی هەردوو گەل رەنگیان دابووەوە.
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا ئەرکاڤازی گوتی: "لای من گرنگترین خاڵ هاوکاریکردنی خەڵکە. هیچ گرنگ نییە ئەو مرۆڤانە موسوڵمان، مەسیحی یان پەیڕەوکارانی ئایینەکانی دیکە بن. جوانترین هەست لە جیهان بزە خستنە سەر لێوی مرۆڤە".