لە بەدواداچوونێكی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەوانەش کەرتی نیشتەجێبوون دەردەکەوێت کە بە هۆی کەموکوڕییەوە دانیشتوانی لە بارودۆخێکی خراپ دان و داوای چارەسەر دەکەن.
پرۆژەی هیران ستی یەك لە شاری هەولێر كە ئەم پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بوو و لەسەر ئەرکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت درووست کراوە، هیران ستی یەک نزیكەی 5 ساڵە تەواو بووە بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە بە شێوەیەكی فەرمی وەرنەگیراوە بە پاساوی خراپی تۆڕی ئاوی ئەم پرۆژەیە و لە بەرامبەریشدا دابەشكردنی ئاو لەم پرۆژەیە لە دەست هاووڵاتییانە و ئەمەش بەشێكی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی نیگەران كردووە و بەردەوام بەدەست نەبوونی ئاو دەناڵێنن.
لەو گەڕەکە 600 خانوو درووست کراوە و لەپاڵ هەموو پرۆژەکانی تری کەرتی نیشتەجێبوون لەو چەند ساڵەی رابردوودا توانیوێتی ئاواتی ئەو خێزانانە بە جێ بهێنێ کە بە هۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانن خانوو بکڕن. بەڵام ئەوە ئاواتەکانی تا ئێستا کەمڕەنگ کردوون ئەویش بە هۆی کەموکوڕییەکانی بە تایبەت 'کێشەی ئاو'ی ئەو گەڕەکەی پایتەخت.
بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر زانا یەحیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە گشتی پرۆژەی هیران ستی یەك تەواو بووە و چەندین ساڵە خەڵك تێیدا نیشتەجێیە و ئەم كێشەیە لەوە سەری هەڵداوە كە لە هەر پرۆژەیەك پێویستە لایەنی پەیوەنددار وەریگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئیدارەی بكات، ئەوەی تا ئێستا بووەتە كێشە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی ئاو ئەو پرۆژەی وەرنەگرتووە بە هۆی خراپی تۆڕی ئاو".
زانا یەحیا گوتیشی: "كاتێك بەڕێوەبەرایەتی ئاو ئەم پڕۆژەیە وەرنەگرێت و لە هەمانكاتدا خەڵك تێیدا نیشتەجێ بێت ئەوا لە كۆنتڕۆل لەدەست ئێمە نامێنێت چونكە لە ئەستۆی وەبەرهێنەر دەردەچێت تایبەت بە خزمەتگوزارییەكان، ئەوەی ئێستا بووەتە كێشە ئەوەیە نە لایەنی پەیوەندار ئەم پڕۆژەیەی وەرگرتووە و نە لایەنی كۆمپانیاكەش لەناو پرۆژەكە ماوە كە كارەكان وەكو پێویست بكات".
سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی خزمەتگوزاری و بە تایبەت كێشەی ئاو لە پرۆژەی هیران ستی یەك، زانا یەحیا گوتی: "بۆ ئەم مەبەستە چەندینجار نووسراومان بۆ لایەنی پەیوەندار كردووە و داوامان لێكردن ئەو كێشانەی لەناو تۆڕی ئاو هەیە بۆمان دیاری بكەن تاكو بتوانین چارەسەرێكی گونجاو بدۆزینەوە چونكە لە ئێستادا خەڵك تێیدا نیشتەجێ بووە بەڵام لە وەڵامی نووسراوەكانماندا باسی ئەوە دەكەن كە بۆڕی ئاوی ئەم پڕۆژەیە ستاندارد نییە".
بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژە بە بڕیارێكی تازە دەكات سەبارەت پرۆژەكانی وەبەرهێنان و دەلێت: "لە ئێستادا بڕیارێكی تازە دەرچووە سەبارەت بە وەگەڕخستنی ئەو خزمەتگوزارییانەی لەناو پڕۆژەكاندا هەیە لەلایەن خودی وەبەرهێنەرەوە چونكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لایەنەكانی حكوومی ناتوانن هەڵسن بەو كارە بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەین لەگەڵ وەبەرهێنەرەكاندا بتوانین كارەكان بكەین كە ئەوان چارەسەری كەموكوڕییەكان بكەن و ئێمەش بە نووسراوێك لایەنی پەیوەندار ئاگادار دەكەینەوە".
بریكاری قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێر نەبەز عەبدلحەمید پێی وایە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە زەوییان بۆ دابینكراوە و دەبێ ئەوانیش چاودێری بكەن و ئاماژە بەوە دەكات كە وەكو قایمقامییەتی قەزای دەشتی هەولێر رۆژانە چەندین سكاڵا تۆماردەكرێت سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون.
بریكاری قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێر نەبەز عەبدلحەمید لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئەم پرۆژانە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان زەوییان بۆ دابینكراوە و رۆژانەش لەلایەن خەڵكەوە سكاڵا تۆمار دەكرێت سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوازی و ئێمەش هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنان هەیە و هاوكاری یەكتر دەكەین و ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە هەبێت بە هانای سكاڵای هاووڵاتییانەوە دەچین".
سەبارەت بە كێشەكانی خزمەتگوزاری و بە پلە یەك كێشەی نەبوونی ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵكۆڵینی شەقام لەلایەن هاووڵاتییانەوە و دەستكاریكردنی رێڕەوی ئاو، نەبەر عەبدلحەمید گوتی: "ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنان قسە دەكەین تا بزانین كەموكوڕیی سەرەكی ئەم پڕۆژەیە چییە و بزانین لەسەر چ بنەمایەك گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا كراوە و تا چەند رێنماییەكانی وەبەرهێنانی جێبەجێ كردووە".
بریكاری قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێر ئاماژە بەوەش دەكات كە دەبێت دوای تەواوبوونی هەر پڕۆژەیەك ئەوا كۆمپانیا چەند كارمەندێك بە شێوەیەكی هەمیشەیی لەوێ دابین بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خزمەتگوزاری و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "هەر پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون پێویستە لەسەر بیرەكانی ئاو كارمەندی خۆی دابنێت بۆ دابەشكردنی ئاو بەسەر ماڵەكان نەك خودی هاووڵاتییان بەردەرگا هەڵكۆڵن و دەستكاری رێڕەوی ئاو بكەن"ز
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش رایدەگەیەنیت كە ئەوان ئاگاداری دروستكردنی ئەم پرۆژەیە نین و بۆیە ناتوانن وەریگرن و بۆ وەرگرتنی ئەم پرۆژەیە پێویستمان بە نووسراوێكی سەرەوەی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی ئەوان لێی بەرپرس نەبن.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر مەسعود كاڕەش لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حەز دەكەم روونكردنەوە لەسەر ئەم پرۆژەیە بدەم ، كاتی خۆی كە ئەم پرۆژەیە دروست كرا، ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ئاگاداری ئەم پڕۆژەیە نین و نازانین پێكهاتەكانی ناو ئەو پرۆژەیە چیە و خاوەنی پرۆژەكە بەبێ پرسكردن بە ئێمە رۆیشتووە بە ئارەزووی خۆی بۆڕی و ماتۆڕی ئاو و بیرەكانی لێداوە و ئێمەش لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رێنماییمان هەیە كە دانانی تۆڕی ئاو و لێدانی بیری ئاو مەرجی خۆی هەیە و دەبێت ستاندارد بیت".
سەبارەت بە هۆكاری وەرنەگرتنی پرۆژەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، مەسعود كاڕەش گوتی: "بۆ وەرگرتنی پرۆژەكە دەبێت لێژنەیەك پێكبێت بۆ ئەوەی بزانن كەموكوڕییەكانی چییە و دوای چاككردنی كەموكوڕییەكانی ئینجا وەریدەگرین و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بەراورد لەسەر ستانداردێك بكرێت كە لە وەزارەتی شارەوانی بۆمان هاتووە، چونكە ئەو پرۆژەیە بەبێ چاودێری ئێمە كراوە و هیچ لێژنەیەك ئامادە نییە بچێت واژۆ لەسەر وەرگرتنی پرۆژەكە بكات چونكە تۆڕی ئاوەكەی لە ژێر زەوییە و نازانرێت چۆنە بۆیە هیچ كەس ئەم بەرپرسیاریەتە ناخاتە ئەستۆی خۆی".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دوو رێگا بە شیاو دەزانێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەم پرۆژەیە و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "بۆ وەرگرتنی ئەم پرۆژەیە دوو رێگا بە گونجاو دەزانین، یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێت هەموو پرۆژەكە رەفز بكرێتەوە و پێی بڵێن ئەوە كوالێتی و مواسەفاتی خراپە یان نووسراوێكمان بۆ بێت لە ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەت و لێی بنووسرێت سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكان ئەم پڕۆژەیە وەرگرن و ئەو كاتە هیچ كەسێك بەرپرس نییە لە كەموكوڕییەكانی ئەم پرۆژەیە و دەتوانین وەریگرین بەڵام ئەوەی كە ئێستا هەیە ئێمە ناتوانین وەریگرین".
دانیشتووانی هیران ستی یەك گلەیی و رەخنەیان ئاراستەی لایەنی پەیوەنددار دەكەن و ئاماژە بە نەبوونی یاسا لەم گەڕەكە دەكەن و هاووڵاتی یوسف محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی 5 ساڵە لەم پرۆژەیە نیشتەجێین و بەدەست كێشەی ئاو دەناڵێین ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، یەكەمیان زۆربەی ماڵەكان بەردەرگای خۆیان هەڵكۆڵیوە و قوفل و كلیلیان لە رێڕەوی ئاوەكەداوە و بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن ئاوی ئەم ناوچەیە بگرنەوە لە كاتێكدا ئاو سامانێكی نیشتمانییە و هیچ كەسێك نابیت بەم شێوەیە بەكاری بهێنێت، هۆكاری دووەم ئەوەیە بەپێی قسەی دانیشتووانی ئێرە ئەوا كێشە لە تۆڕی ئاو هەیە، سەرەڕای كەموكوڕییەكانی دیكەی ئەم پڕۆژەیە".
پەرەپێدان بە كەرتی نیشتەجێبوون بە هۆی زۆربوونی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003 رووی لە زیادبوون كرد بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی لە ماوەی رابردوودا بەشێكی زۆری پرۆژەكان بە تەواونەكراوی بەجێماوە و ژمارەیەكی زۆریش لە هاووڵاتییان لە چاوەڕوانی تەواوكردنی پرۆژەكەیانن لە كاتێكدا ئەو پرۆژانەی تەواویش بوون بە قسەی دانیشتوانی بەردەوام كێشەی خزمەتگوزاری و نزمی كوالێتیان هەیە.
news_share_descriptionsubscription_contact

