Seyit Aydoğan
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
تۆرۆنتۆ - AA
ئەو شەپۆلی گەرمایەی خۆرئاوای کەنەدای گرتووەتەوە، بەرزترین پلەی گەرمای لە ماوەی ٨٤ ساڵی رابردووی لەو وڵاتە تۆمار کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی خزمەتگوزاری کەشوهەوای کەنەدا، دوێنێ پلەکانی گەرما لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا کە کاتەکانی پاش نیوەڕۆ ٤٦،١ پلەی سەدی بوو، بەرزترین پلەی گەرمایە تا ئێستا لەو وڵاتە تۆمار کرابێت.
لە مێژووی کەنەدادا پێشتر بەرزترین پلەکانی گەرما لە تەمووزی ١٩٣٧دا لە هەرێمی ساسکاچوان تۆمارکرا کە ٤٥ پلەی سەدی بوو.
لەم نێوەندەدا، بەهۆی گەرمای لە رادەبەدەرەوە، بەفری دۆڵی پێمبیرتۆن لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا بەخێرایی و بەقەبارەیەکی زۆر لەوەی چاوەڕوان دەکرا توایەوە، بەو هۆیەشەوە ئاوی ئاستی رووباری دۆڵەکە بەرزبووەوە و بڕیاری گواستنەوەی زۆر ماڵ درا.
یەکێک لە کەشناسانی وەزارەتی ژینگەی کەنەدا، بەناوی دیریک لی لە لێدوانێکیدا، بە دەستەی پەخشی بەریتانیا "BBC"ی راگەیاند کە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لەمڕۆوە زیاتر بەرزببێتەوە و لە هەندێک ناوچەدا بگاتە ٥٠ پلەی سەدی.
لە لایەکی دیکەوە لە شاری مێترۆپۆڵ سەربە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا، ناوەندەکانی فێنککەرەوە کرانەوە دژبە کاریگەرییە نەرێنیەکانی گەرما.
هەروەها بەهۆی گەرماوە چێشتخانە، فرۆشگا و ژمارەیەک لە خوێندنگەکانی ویلایەتەکە داخراون و ئەو کلینیکانەی کە ڤاکسینی کۆرۆنا لە هاووڵاتیان دەدەن وادە وەرگیراوەکانی بۆ بەروارێکی دیکە دواخست.