Azat Muhammet
27 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2017
دهۆک - AA
هەرچەند ئاوارەکان شەکەتى بەرووخساریاندا دیارە، بەڵام دڵخۆش کە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، ئاوارەکان دەڵێن حکوومەتى خۆجێی دهۆک و حکوومەتى هەرێمى کوردستان درێغى نەکرد لە پێشکەشکردنى هاوکارى و خزمەتکردنمان، سوپاسى هاووڵاتییان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن کە وەک خاوەن ماڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئاوارەکان کردووە.
لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان لە رۆژئاواى دیجلە، ئەندامى لێژنەى گەڕاندنەوەى ئاوارەکان لە رۆژئاواى دیجلە، حەسەن خالۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەو خێزان و هاووڵـاتییانەى دەگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان ئەوانەن کە بە هیچ شێوەیەک تێوەنەگلاون لە کردەوە تیرۆریستییەکانى تیرۆریستانى داعش،".
گوتیشى: "لێژنەکەمان تایبەتمەندە بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بۆ سەر زیدى خۆیان ئەم لێژنەیە لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر داواى ئاوارەکان دروستکراوە، لێژنەکە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى کارگێڕى و ئەمنى پێکهاتووە، لە کاروانى یەکەمى کارەکانمان هاووڵاتییانى پێنج گوند گەڕانەوە سەر زێدى خۆیان و بە ماڵ و حاڵى خۆیان شادبوونەوە، کە زیاتر لە ٣٨٣ خێزان پێکهاتبوون".
ئەو ئەندامەى لێژنەى گەڕاندنەوەى ئاوارەکان دەڵێت "لە رووى کارگێڕییەوە بەڕێوەبەرى شارەدێى زوممار و ئەنجوومەنى شارەدێى زوممار لە رۆژئاواى دیجلە هەڵدەستن بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆیان".
حەسەن خالۆ دەشڵێت "کاروانى دووەمى گەڕانەوەى ئاوارەکان پێک دێن لە ١٨٧خێزان، کە بۆ گوندى خراپ عاشق گەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان لە رۆژئاواى دیجلە کە هاووڵاتى عەرەبى ناوچەکەن، سێ ساڵ پێش ئێستا بەهۆى پەلامارى داعش ئاوارەى دهۆک و ناوچە جیا جیاکانى هەرێمى کوردستان بوون".
ناوبراو ئاماژەى بە ئامارى کۆتایی ئاوارە گەڕاوەکاندا و گوتى: "کۆى گشتى ئاوارە گەڕاوەکانى رۆژ ئاواى دیجلە نزیکەى هەزار خێزان دەبن".
ئەندامى لێژنەى گەڕاندنەوەى ئاوارەکان لە رۆژئاواى دیجلە ئاشکراى دەکات کە ئاوارەکان لەسەر خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، داواى سەرەکییان ئەوەیە بەشدار بن لە ریفراندۆم و دەیانەوێت لە ریفراندۆمدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەمەیش لەوە سەرچاوەى گرتووە کە ژمارەیەکى زۆر لە پێشمەرگە لە پێناو رزگار کردنى ناوچەکە شەهید بوون و هەروەها لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان خزمەتى زۆریان کراوە.