ئیزمیر
ھەنگەوانان بە ئاستەم توانیان ١٨ کیلۆ ھەنگوین لە نێو ئەشکەوتێکی کوێستانی ساریڤایر لە پارێزگای ئیزمیر دەربێنن.
رووبەری ئەشکەوتەکە ھەزار و ٨٠٠ مەتر دەبێ.
گونای گوندوز، یەکێکە لە ھەنگەوانانی ئەو ناوچەیە بۆ AA گوتی:" بەھۆی ھەبوونی چەندین جۆری رووەکی سروشتی لە ئەشکەوتەکانی ساریچار، ھەنگوینی کەم وێنە بەرھەم دەھێنرێ کە بە (ھەنگوینی فریشتەکان) ناو دەبرێ و بەھۆی چەندین مادەی بەسوود لە ھەنگوینەکەدا، بە نرخێکی زۆر بەرز دەفرۆشرێ."
گوندوز دەڵێ سێ نەوە لەو ناوچەیە کاری ھەنگەوانی دەکەن، ساڵی ٢٠٠٩ جوڵەی مێشەکانیان لەناو ئەشکەوتێک بینی، دوای ئەوە ناو ئەشکەوت گەڕاون، خۆیان بە سەر شاخێکی ٥٠٠ مەتریدا بە گوریس شۆڕ کردەوە و ١٨ کیلۆ ھەنگوینیان دۆزییەوە.
گوندوز گوتی:"ئەو ھەنگوینەمان بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی دەزگای CETAM لە فەڕەنسا کرد کە باشترین تاقیگای جیھانە، لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو ھەنگوینە بەھۆی دروستکردنی شانەی تایبەت لە رووەکی سروشتی دروستکراوە و تەمەنی حەوت سالە. لە فەرەنسا یەک کیلۆ ئەو ھەنگوینە بە ٤٥ ھەزار یورۆ فرۆشراوە."
ھەروەھا ساڵی ٢٠١٠ لە چین کیلۆی بە ٢٨ ھەزار یورۆ بە کۆمپانیایەکی دروستکردنی دەرمان فرۆشراوە. یەک کیلۆ لەو ھەنگوینە لە تورکیا، بە پێنج ھەزار یورۆ دەفرۆشرێ.
گوندوز :" شانەی ئەو جۆرە ھەنگوینە کە ١٧٠ تا ٢٥٠ گرام دەبێ و خواستی زۆری لەسەرە، چونکە بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییە دەمدرێژەکانی دیکە دەرمانە. کاتێ باسی نرخی ئەو ھەنگوینە دەکەین خەڵک سەرسام دەبێ. لەبەر ئەوەی نرخی یەک کیلۆی بەھای ئوتۆمبێلێکە ."