23 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2020
دهۆک - AA
لە میانی دڵخۆشی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک بۆ سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا و چاکبوونەوەی سەرجەم تووشبووان، تەقەی خۆشی کرا کە بەهۆیەوە ١٣ کەس برینداربوون.
شەوی رابردوو دانیشتوانی شاری دهۆک بە نیشاندانی سوپاسگوزاریان بۆ هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی، بەشێکیان بە هاتنە سەر شەقام و بە شێوازی جۆراوجۆر رێزیان لە ئەرکی هەموو ئەوانە گرت کە لە ماوەی نزیک بە دوو مانگی رابردوودا ئێشگگرییان کرد بۆ سەلامەتی خەڵکی پارێزگاکە.
هاووڵاتییان بە شێوەیەکی زۆر شارستانییانە، بەشێکیان بە داگیرساندنی چوار ئاماژەکانی لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان و بەشێکیشیان بە داگیرساندنی لایتی مۆبایلەکانیان هەستی خۆیان دەردەبڕی، بەڵام لە پاڵ ئەوانیشدا هەبوون کە تەقەی خۆشیان دەکرد و ئەوەش نیگەرانی و ترسی لەلای بەشێک لە هاووڵاتییان دروست کرد.
گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای دهۆک، هەمزە رەزکی بۆ میدیاکانی راگەیاندووە کە بەهۆی تەقەی خۆشییەوە، ١٣ کەس برینداربوون و برینی سێ لە برینداران قورسە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە.
پارێزگای دهۆک کەمترین رێژەی تووشبوونی بە ڤایرۆسی نوێی کورۆنای لێ تۆمار کرا و ١٥ کەس بوون کە لە ئێستادا هەموویان چاک بوونەتەوە.