Gökhan Zobar
04 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2021
ئەدرنە - AA
بیبەری توونی وشککراو، یەکێکە لە گرنگترین خواردنە کولتوورییەکانی شاری ئەدرنە، لە ئێستاشدا وشک کردنەوەی بیبەرەکان دەستیپێکردوە.
کۆکردنەوەی بیبەری توون بەردەوامە و خانمانی ئەدرنە سەرەتا بیبەرەکان دەکەن بە پەتەوە و دواتر لە شوێنێکی سێبەردا وشکی دەکەنەوە.
دوای نزیکەی یەک مانگ کە بیبەرەکان بەتەواوی وشک بوونەوە ئینجا لە ناو رۆنی قرچاودا سوور دەکرێنەوە و دواتر دەچنە سەر سفرە و خوانەکان، بەتایبەتیش لەگەڵ جگەری سوورەوکراو تام و چێژێکی تایبەتی هەیە.
ئۆزنوور یاڤوز یەکێکە لەو خانمانەی کە لە ماڵەوە بیبەرەکان ئامادە دەکات و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "بیبەری تون پێخۆری سەرەکی جگەری سوورەوکراوە، ئێمەش ئەم بیبەرانە بەباشترین شێوە وشک دەکەینەوە و ئامادەی دەکەین بۆ خواردن. دانە دانە بیبەرەکان دەکەین بە پەتەوە و هەڵیاندەخەین. ئەوانەی حەزیان بەم کارەیە چێژێکی زۆری لێوەردەگرن. چەن بیبەر وشک بکەیتەوە ئەوەندە حەقدەست وەردەگریت".
نوورسێل چک، خانمێکی دیکەیە و ١٦ ساڵە کاری وشک کردنەوەی بیبەر ئەنجام دەدات، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "ئێمە بە شەو و رۆژ کار دەکەین. چونکە ئەگەر بیبەرەکان بمێننەوە خراپ دەبن، دەبێت هەر کە بەدەستمان گەیشت خێرا بیکەین بە پەتەوە. لێرە هەموو رۆژێک سێ تۆن بیبەر دەکرێت بە پەتەوە و هەڵدەخرێت. کارێکی پڕ ماندوو بوونە".