Ali Mukarrem Garip,Mohammed Baqi Hussein
08 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2017
كه‌ركووك - AA
راگه‌یه‌نرا ئه‌و نه‌وته خاوه‌ی داعش له بۆڕییه نه‌وته‌كانی كه‌ركووكی ده‌دزێت، سووته‌مه‌نیی لێ به‌رهه‌مده‌هێنن و له ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا به هه‌رزان ده‌یفرۆشن.
ملازم فیراس موحسین له هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شائیری سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی، له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند، "چه‌كدارانی داعش، ئه‌و نه‌وته خاوه‌ی له بۆڕیی نێوان ناحیەی ریاز سه‌ر به قەزای حه‌ویجه و پاڵاوگه‌ی بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین ده‌یاندزی، سووته‌مه‌نیی قاچاخیان لێ به‌رهه‌مده‌هێنا".
ملازم فیراس موحسین جه‌ختیكرده‌وه كه ئه‌و شێوازه‌ی داعش بۆ به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی به‌كاریهێناوه، زیانێكی زۆری به ژینگه‌ی ناوچه‌كه گه‌یاندووه و گوتی: "تیرۆریستان به دزینی دەرامەتەكانی ژێر زه‌وی ئه‌م وڵاته‌وه نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو، ئه‌و پاڵاوگانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی به‌كاریانهێناوه، ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ی پیسكردووه".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه سامانی عێراقیان زۆر به هه‌رزان به ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیان فرۆشتووه‌ته‌وه و گوتی: "ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی داعش له عێراق به‌رهه‌می هێناوه، له سووریا ده‌فرۆشرا".