Azat Muhammet
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2017
دهۆک-AA
ئەمڕۆ لەژێر چاودێرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى و بەئامادەبوونى وەزیرانى وەزارەتەکانى شارەوانى و گەشتوگوزار، ناوخۆ، پەروەردە و پلاندانان و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى حکومى و پارێزگارى دهۆک لە ٢٦مین ساڵیادى راپەڕینى جەماوەرى پارێزگاى دهۆک دژى رژێمى بەعسى لەناوچوو، سێ پڕۆژەى ستراتیجى لە پارێزگاى دهۆک کرایەوە.
دواى رێوەڕەسمى کردنەوەى پڕۆژەکانى ئاوى ئامێدى، تونێلى ئامێدى و رێگاى جۆتسایدى شیلادزێ. سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى شارەدێى دێرەلوک وتارێکى پێشکەش کرد و ئاماژەى بەوەدا کە ئەو پڕۆژانە گرنگن و گۆڕانکارى گەورەش بەدوایخۆیدا دەهێنێت، هەروەها ئەو پڕۆژانە پەیامێکیش دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆژەکان و خزمەگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەى زیاتر".
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى ئاماژەى بەگرنگى پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆدا لە هەرێمى کوردستان و گوتى: "پرسى ئاو گرنگترین پرسە بۆ ئەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کارى لەسەر بکات، چونکە ئەگەر ئاو دابینکرا هەموو پڕۆژەکانى دیکە و پێداویستییەکانى دیکە دابین دەکرێت، ئەمڕۆ پڕۆژەى ئاوى ئامێدی-مان کردەوە کە دەبێتە هۆى دابینکردنى ئاو بۆ زیاتر لە ١٧٥ هەزار هاووڵاتى لە سنوورەکە و تا ساڵی ٢٠٣٥ کێشە کەم ئاوى چارەسەر دەکات".
نێچیرڤان بارزانى دەستخۆشى لە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: "ئەم پڕۆژانە گرنگن بۆ هەرێم، بەتایبەت بۆ پارێزگاى دهۆک و دەڤەرى ئامێدى کە دەڤەرێکن بووەنەتە جێگەى باس و خواسى هەموو لایەک لە خەبات، بەرگری و قوربانیدان هەر لە شۆڕشى ئەیلوولەوە تا شەڕى داعش، بەڕاستى ئەم ناوچەیە شایەنى ئەوەیە بەهەموو پێوەرێک پڕۆژە و خزمەگوزارییەکى زیاتریان پێشکەش بکرێت".
- "زۆر ناخۆشیمان بینى، ئیتر کاتى خۆشى و ئارامییە"
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى سوپاسى خۆڕاگرى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانی کرد و گوتی: "لە ماوەى ئەو ساڵەى رابردوو نەخوازراوترین بڕیارمان دا کە ئەویش پاشەکەوتکردنى مووچە. بەڵام متمانەى نێوان هاووڵاتییان و سەرکردایەتى سیاسى کوردى زۆر لە قەیرانەکان بەهێزتر بوون. لە رابردوودا گەلى کورد زۆر ناخۆشى و نەهامەتى چەشت پەنا بەخوا لەمەودوا خۆشى دەست پێدەکات، ئەمساڵە دۆخى دارایی هەرێم بەرەو باشتر دەچێت".
- "کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ دەرفەتى بازرگانى دەڕەخسێنێت"
نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بە شەڕی دژبە داعش و ئۆپەراسیۆنى مووسڵ کرد و گوتى: "لەو باوەڕە دام دواى ئەوەى مووسڵ بەتەواوى کۆنتڕۆڵکرایەوە داعش لە ناوچەکە نەمێنێت، دەرفەتى بازرگانى و جموجۆڵى ئابوورى دەکەوێتە ناوچەکە".
گوتیشى: "هەموو مەبەستى داعش ئەوەیە کە ئەو پێکەوە ژیانەى هەرێمى کوردستان تێکبدات، بەڵام نەیتوانى و هەرێمى کوردستان هەر لە کۆنەوە تا ئێستا تابڵۆى پێکەوە ژیانى پێکهاتەى موسوڵمان، کریستیان، ئێزدى، تورکمان، شیعە و سوننە و هەموو پێکهاتەکانى دیکەیە و بووەتە جێگەى باس و سەرنجى وڵاتان و هەموو جیهان، بۆیە لەسەر هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى ئەم ناوچەیە پێویستە نموونەى ئەم پێکەوە ژیانە بهێڵین و هیچ کاریگەرییەک نەکەوێتە سەرمان".
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى گوتی: "لە ساڵى ٢٠١٤ بەدرێژایی هەزار ١٠٠ کیلۆمەتر دووچارى شەڕى داسەپاوى دڕەندەترین رێکخراوى تیرۆریستى بووین کە داعشە، هەر لە ساڵى ٢٠١٤ لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە بووجە و مووچەى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بڕێندرا کە ئەمشیان کاریگەرییەکى گەورەى خستە سەر هەرێم، سەرەڕاى ئەمانەش یەک ملیۆن ٨٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سووریا و ژمارەیەک ناوچەی عێراق روویان لە هەرێمى کوردستان کرد، لە هەمان کاتیشدا نرخى نەوت لە ١٠٠ دۆلارەوە بۆ نزیکەى ٢٠ دۆلار دابەزى، ئەو قەیرانانە فێرى کردین کە پشت بەخۆمان ببەستین و هێزەکانمان ئامادە بێت".
گوتیشى: "لەماوەى ئەو سێ ساڵەى پڕ لە قەیران و ناخۆشى بەهۆى پێشمەرگەوە بووە کە هەرێمى کوردستان توانى رووبەڕووى هەموو قەیرانەکان ببێتەوە، سەرى رێز و نەوازش بۆ پێشمەرگە دادەنوێنم هەر لە زاخۆوە تا خانەقین".
لە رێوەڕەسمەکەدا وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە گوتەیەکدا روونکردنەوەى لەسەر پڕۆژەکاندا و گوتى: "لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان بەدۆخێکى سەختى ئابووریدا تێپەڕ دەبێت و رووبەڕووى دڕەندەترین رێکخراوى تیرۆرى بووەتەوە، خۆشبەختانە پڕۆژەکانمان و کاروانى ئاوەدانکردنەوەى کوردستان ئەگەر خاویش بووبێتەوە بەڵام نەوەستاوە و بەردەوامە".
گوتیشى: "ئەمڕۆ سێ پڕۆژەمان کردووەتەوە لە پارێزگاى دهۆک، یەکەمیان پڕۆژەى ئاوى ئامێدییە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانى ئاو نەک تەنها لەسەر ئاستى پارێزگاى دهۆک، بەڵکو لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆژەیە تا ساڵى ٢٠٣٥ کێشەى ئاو لە سنوورەکە چارەسەر دەکات. پڕۆژەى دووەمیش کردنەوەى شەقامى جۆتسایدى شیلادزێ سێمێل بوو کە بەدرێژایی ٣ کیلۆمەتر و پانى ٣٠ مەتر کارەباش بۆ رێگاکە دابین کراوە و ئاو و ئاوەڕۆى بۆ دروستکراوە، لە باکوورەوە هەردوو پارێزگاى دهۆک و هەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە. پڕۆژەى سێیەمیش بریتى بوو لە کردنەوەى تونێلى ئامێدى کە درێژییەکەى٢٥٧ مەتر هەروەها فراوانکردنى رێگا و بانى دەروازەى شارۆچکەى ئامێدى و رازاندەوەى شەقامەکانى شارەکە بەگڵۆپ".