Zeynep Beyza Kılıç
15 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2025
ئەنقەرە - AA
کۆڕبەندی وزەی ئیستانبوڵ کە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵو و بە سەرپەرشتی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕێکخراوە، ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم لە شاری ئیستانبوڵ بە تەوەری سەرەکی "ئایندەی هاوبەش، ئامانجی هاوبەش" بەڕێوەدەچێت.
لەو کۆڕبەندەدا کە لە ناوەندی کۆنگرەی ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت و بە درێژایی ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تیایدا وەزیرانی وزەی وڵاتانی جیاواز، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و بیانیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەکادیمیست، ڕاگەیاندنکاران و بازرگانانی دیاری جیهان بەشداری تێدا دەکەن.
هەروەها لە کۆڕبەندەکەدا کە بابەتەکانی وەک ئامانجە هەرێمییەکان لە کەرتی وزەدا، ڕۆڵی تورکیا لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی غازی سروشتی و پشتیوانی دارای بۆ وەرچەرخانی وزە هەڵدەسەنگێندرێت و پرسگەلێکی زۆری وەک ڕۆژەڤە هەرێمیی و جیهانییەکان، نەوت و غاز، ئاسایشی دابینکردن و پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان تاوتوێ دەکرێن.
لە دانیشتنی سەرەکی کۆڕبەندەکەدا هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەلپارسلان بایراکتار و بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتوون و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردارکاراگۆز گوتار پێشکەش دەکەن و، لەسەر ئاستی جیهانی دەرفەتی گفتوگۆ کردن بۆ بەشداربووان دەڕەخسێندرێت.
لە یەکەم دانیشتنی کۆڕبەندەکەدا کە لە ژێر ناوی "ئاستەنگ و دەرفەتەکان بۆ ئایندەیەکی خۆڕاگر" ڕێکدەخرێت و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بایراکتار بەڕێوەی دەبات، هەر یەک لە وەزیری وزەی ئازەربایجان، پەرویز شاهبازۆڤ و وەزیری وزەی بولگاریا، ڤلادیمێر مالینۆڤ و وەزیری دەرەوە و بازرگانی هەنگاریا، پیتەر شیارتۆ و وەزیری وزەی مۆڵدۆڤا، ڤیکتۆر پارلیکۆڤ و جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا، پاڤێل سۆرۆکین و وەزیری وزە و کانزاکانی سربیا، دوبراڤکا دیدۆڤیچ هاندانۆڤیچ وەک قسەکەر بەشداری دەکەن.
ئەوانەی خوازیاری بەشداری کردنن لە کۆڕبەندەکەدا، دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی "https://www.istanbulenergyforum.com"ەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.