Rewa Mahmood Hasan
03 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزین، هاووڵاتیان وەک سوتەمەنی و بۆ گەرمکردنەوە پێویستیان بەبڕێکی زیاتر لە غاز دەبێت.
لەئێستادا و بەهۆی قەیرانی کەمی غازەوە رۆژانە لە شەقامەکانی سلێمانیدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دەڕژێنە لای فرۆشیارانی غاز، تاکو پێداویستیەکانی خۆیان لە شلغاز بەدەست بخەن.

لەئێستادا نرخی یەک بتڵ شلغازی گەورە بە ٧هەزار و ٥٠٠ دینار دەفرۆشرێت لە سلێمانیدا بەڵام بەڕێژەیەکی کەمتر بەر دەست دەکەوێت.
وەک یەکێک لە فرۆشیارەکانی غاز لەسەر شەقام ،کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی پێدا، پێشتر رۆژانە بەپێی پێویست هەرچەندێکیان بویستایە غازیان بۆ دەچوو، تاکو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بکەن و بیفرۆشنەوە، بەڵام ئەوە ماوەی هەفتەیەکە کەمتر لە دووبار بتڵی شلغاز-یان بۆ دەچێت.
ئەو فرۆشیارەی غاز ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە هاوڵاتیان لە بەرەبەیانێکی زووەوە دوای نوێژی بەیانی دێنە سەرە گرتن بۆ ئەوەی فریای وەرگرتنی بتڵی شلغاز بکەون، کە ژمارەیان ١٥٠-٢٠٠ کەس دەبێت.
ئەحمەد کە نەیویست ناوی دووهەمی ئاشکرا بکات و خاوەنی گەسی دیلانە لە شاری سلێمانی و رۆژانە پێویستی بە دوو بتڵ شلغاز دەبێت تاکو کارەکانی خۆی پێ ڕایی بکات، ئاماژە بەوە دەکات ئەوە ماوەی هەفتەیەکە ئەو قەیرانە لە شاری سلێمانی سەریهەڵداوە و دەڵێت،'' من پێشتر لەرێگەی ئۆتۆمبێلەوە بتڵی غازم بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەو دەستگێرەی بتڵی غاز دەفرۆشێت، مۆبایلەکەی هەفتەیەکە داخستووە، ناچار هاتوومەتە سەرەوە تاکو غازم بەربکەوێت.''

ئەحمەد باسی لەوە دەکرد کە چەندین ساڵە قەیرانی شلغازیان بۆ دروست نەبووە، بەڵام هەفتەیەکە دۆخەکە بەو چەشنەی لێهاتووەو گوتی،'' هەرچەندە قەیرانی کەمی غاز دروست بووە، بەڵام نرخەکەی نەگۆڕاوە، بۆیە سوپاسی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، بەڵام پێویست بیرێک لەوانە بکەنەوە کە بژێوی ژیانیان لەسەرە، بۆ نمونە بۆ دووکانەکەم رۆژانە پێویستم بە دوو غاز هەیە، بۆیە ناکرێت بەبێ غاز کار بکەم.''
ئەحمەد بەشێکی قەیرانەکانی کەمی غازی گەڕاندەوە بۆ خودی هاوڵاتیان، بەتایبەت هەندێک کەس کە لە ماڵەوەن هەڵساون بە پڕ کردنەوەی غازی زیاد لەپێویست لەترسی بوونی قەیران، ئەمەش وای کردووە کە بڕە غازێکی زیاتر پێویست بێت و بە ئاسانی دەست هەموو کەس نەکەوێت.