Jamal sarhaty
09 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
تەنها چەند رۆژێک ماوە بۆ یەكەم رۆژی ساڵی نوێی كوردی و چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ یادی رۆژی جلی كوردی، بەڵام هاووڵاتییان وەك ساڵانی رابردوو بیریان بەلای سەری ساڵی نوێی كوردی و رۆژی جلی كوردی نەماوە و پێچەوانەی ساڵانی رابردوو بازاڕی جلوبەرگی كوردی کزە، خاوەن دووكانەكانی جلی كوردی دەڵێن هیچ ساڵێك لەئەمساڵ ناچێت بۆ ئەوان، چونكە لە تەمەنی كاركردنیاندا لەم بوارەدا هیچ ساڵێكی وایان نەبینیوە كە هێندەی ئێستا بێ بازار بن.
تەحسین عبدولڕحمان تەمەن 37 ساڵ خاوەنی پێشانگای رۆژینە بۆ جلوبەرگی كوردی لەشاری سلێمانی، ئەو لەبارەی بازاڕی جلی كوردییەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بازاڕ زۆر كزبووە و ساڵی پار باشتر بوو لەچاو ئەمساڵ، بەجۆرێك پارساڵ تا ئەم كاتە 20 بۆ 30 جووت كلاشم لە مانگی ئادار دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ 45 رۆژە بە قەد 2 رۆژی ساڵی پار فرۆشم نەبووە".
فرۆشیارانی جلوبەرگ وكڵاشی كوردی قەیرانی دارایی تووشی شۆكی كردوون بەوەی چەند داشكاندنیان كردووە بۆ كاڵاكانیان بەڵام بازاڕیان تادێت كزتر دەبێت.
ئەو فرۆشیارە ئەوەشی خستە روو "نەك یادی رۆژی جلی كوردی نە نەورۆزیش وای نەكردووە بازاڕمان گەرم بێتەوە، نرخەكانیشمان بەشێویەكی بەرچاو داشكاندووە بەجۆرێك بەحەقی ماندووبوونی دروست كردنی كڵاشەكە یان شاڵەكە نییە".
ئەوەشی گوت: "پار شاڵێكی زۆر باش بە 600 تا 700 هەزار دینار بوو ئێستا بە 250 هەزار دەتوانی دروستی بكەیت، باشترین كڵاشیش ئێستا لە 50 تا 60 هەزارە كە لەچاو ماندوو بوون لەدروست كردنی هیچ نرخێكی ئەوها نییە، دوو ساڵ پێشتر خەڵكی ئەورووپا و ئەمریكا دەهاتن ژمارەیەكی زۆریان دەكڕی دەیانبرد بۆ وڵاتانی خۆیان، بەڵام ئێستا ئەوانیش نەماون تاوەك جل وكڵاشمان لەلا بكڕن".
خاوەنی فرۆشگا و پێشانگاكانی جلوبەرگی كوردی كارەكەیان دەبەستنەوە بەدڵخۆشی هاووڵاتییان، بەجۆرێك تا زیاتر هاووڵاتییان دڵخۆشتر بن بازاڕیان گەرمتر دەبێت.
تەحسین عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە دەڵێت "ئیشەكەی ئێمە تایبەتمەندیەكی هەیە پەیوەندی بەدڵخۆشی هاووڵاتییانەوە هەیە تاوەك خەڵك زیاتر دڵخۆش بن بازاڕی ئێمە گەرمتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئێستا خەڵكی بەزۆری بێزار ودڵتەنگن بۆیە بازاری ئێمەش بەو جۆرە كزە , چونكە نە ئاهەنگ ماوە نە سەیران بۆیە خەڵك جلی كوردی ناكرێت".
حاجی سابیر ئەحمەد ماوەی 38 ساڵە سەرقاڵی كاری دروست كردنی كڵاش وجلی شاڵە ئەو بەئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "لە ژیانمدا بازاڕی جلی كوردیم بەم شێوەیەی ئێستا نەبینیوە، لە گرانییەكەی ساڵی 1997 و 1998 بازاڕمان لە ئێستا باشتربوو، ئەمساڵ 80% كارمان كەمیكردووە، چونكە زۆربەی ئەوانەی جلی كوردی لەبەردەكەن بەزۆری گەنج و مووچە خۆرن، مووچەكەش ئێستا وای لێهاتووە سێ مانگ جارێك دێت بۆیە خەڵكی نایەت بەو پارەیە جلی كوردی پێبكرێت، چونكە شتێكی گرنك نییە بۆ ژیانیان".
ئەو گوتیشی: "پار ساڵ لە بۆنەكاندا بەتایبەت لەیادی رۆژی جلی كوردی یان بۆنەكانی تر كە لەقوتابخانەكان سازدەكرا بازاڕمان زۆر باش دەبوو بەڵام ئەمساڵ قوتابخانەكانیش دەوامیان وەستاوە ئەوەش جارێكی تر وایكردووە بازاڕمان كز بێت، ئێستا دوو رۆژی ماوە بۆ یادی رۆژی جلی كوردی بەڵام رۆژانە دوو شتی بچووك نافرۆشین".
ئەو فرۆشیارە دەڵێت "پار ساڵ شاڵمان دەفرۆشت بە 700 هەزار ئێستا هەمان جلی شاڵ ئەفرۆشین بە 300 هەزار دینار بەجۆرێك 50% نرخەكانمان داشكاندووە و بە زیان شتەكان دەفرۆشین بۆ ئەوەی بازاڕمان جوڵەیەكی تێبكەوێت بەڵام هەر وەكو خۆیەتی و هیچ گۆڕانكاریەك لەسەر ئەم بێ بازاڕیەمان نەهاتووە و تا دێت خراپتر دەبێت".
ئەوەی كوردی پێدەناسرێتەوە لە وڵاتان پۆشینی جلوبەرگی كوردەوارییە كە تایبەتمەندیەكی هەیە لەجلوبەرگی هیچ گەل ونەتەوەیەكی دیكە ناچێت، بەوەش لە زۆربەی بۆنە و یادە جیهانییەكانیشدا كورد لە نەتەوەكانی دیكە جیا دەكرێتەوە و بە جلوبەرگەكەی دەناسرێتەوە.