Rewa Mahmood Hasan
08 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
كۆلێژی زانست و تەكنەلۆجیا لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم، دەربارەی (بارودۆخی كارەبا و تەكنەلۆجیای پێوەری زیرەك) پانێلێکیان رێکخست.
زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چاککردنی رەوشی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هۆڵی پڕۆفیسۆر دکتۆرعەلی قەرەداغی لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی پانێڵێکی رێکخست.
پانێڵەکە بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و چەند پسپۆرێکی ئەندازیار و ئەکادیمیست لەبواری کارەبادا، بەڕێوەچوو.
سەرەتای پانێڵەکە بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی، ئەندازیار سالار حسامەددین قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا ئەگەر خواست بەمجۆرە زیاد بکات و پێدانی کارەبا کەمبێتەوە بۆ حەوت کاتژمێر ئەوا ناتوانین هیچ کارەبا بەهاووڵاتییان بدەین بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها دەدرێت بە گرتووخانە، نەخۆشخانە و شوێنە پێویستەکان، لەئێستادا بە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەش تەنها ١٨ کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئێستا خواستی کارەبا شەش هەزار میگاواتە، بەڵام بەرهەمهێنان سێ هەزار میگاواتە، واتە سەدا پەنجا کارەبا کەمتر بەرهەم دێت. لۆدێکى زۆر لەسەر محاویلە و فیدەرەکانى کارەبا بوونى هەیە، ئەمەش بەهۆى ئەوەى هاووڵاتییان کارەبا بۆ گەرمکردنەوە بەکاردەهێنن.
دواتر راگری کۆلێژی زانست لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ئاسۆ محەمەد لەبارەی سیستەمی نوێی تەکنەلۆجیای پێوەری زیرەک بۆ دابەشکردنی کارەبا قسەی کرد و باسی لە خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئەو تەکنەلۆجیایە کرد و چەند پێشنیازێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەو جۆرە سیستەمە.
لەبەشی سێیەمی پانێلەکەدا، ئەندازیار یاسین حەسەن و دکتۆر لوقمان مەحمود بە نوێنەرایەتی وەزارەتی کارەبا و سەرپەرشتیاری پرۆژەی پێوەری زیرەک گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە لێکەوتەکانی پێوەری زیرەک.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رێکخەری پانێلەکە و بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، مامۆستا نەجات حەسەن قەرەداغی ئاماژەی بەوەدا کە پانێلەکە لەسەر کێشەی کارەبا و سیستەمی پێوەری زیرەک بووە کە ئێستا وەزارەتی کارەبا دەستیپێکردووە کە ئەمەش بابەتێکی تەکنەلۆجیایە و پەیوەندی هەیە بە ئەمڕۆی کوردستانەوە و گوتی: ''بۆیە ئێمە وەک زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و وەک بابەتێکی زانستی، پانێلێکمان رێکخست بۆ مامۆستایەکی خۆمان بەناوی دکتۆر ئاسۆ، بە ئامادەبوونی چەند نوێنەرێکی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکان و قسەکردن لەسەر پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا کە دەکرێت لە داهاتوودا ئەمە بکرێت بە پرۆژەیەکی گەورەتر و زانکۆ لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، کاری لەسەر بکات تاکو هاوکار بن لە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا".