سلێمانی
سلێمانی تاکە پارێزگای عێراقە کە تائێستا سایلۆی نییە، ئەوەشی نزیکەی ٣٠ ساڵە لەو شارە دەبینرێت ھەیکەلێکی تەواو نەکراوە کەلەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە دروست کراوە و بەتەواونەکراوی ماوەتەوە.
ساڵانە بەھۆی بەپیتیی خاکەکەیەوە لەسنوری ئەم پارێزگایەدا زۆرترین بڕی دانەوێڵە بەرھەم دەھێنرێت، بەڵام نەبوونی سایلۆ گەورەترین کێشەی دروست کردووە و بەو ھۆیەوە گەنمی شارەکە ڕەوانەی سایلۆی شارەکانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ.
بەڕێوەبەری گەنجینەکانی سایلۆی سلێمانی خالید حەسەن بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی ١٤٢ ھەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، بەشی زۆری ئەو گەنمە وەرگیراوە ڕەوانەی سایلۆکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە."
خالید حەسەن گوتی: "بەھۆی نەبوونی سایلۆ و پڕبوونی سایلۆکانی تری عێراقەوە، ماوەی ٤ مانگە ٣٠ ھەزار تەن گەنممان لەناو گۆڕەپانی سایلۆی سلێمانی داناوە، ئەوەش زیانی خۆی ھەیە و گەنمەکە لەبەر تیشکی خۆردایەو باڵندەکان دەچنە ناوی و لێی دەخۆن."
ئەو گەنمەی لەناو سایلۆی سلێمانی دانراوە ھیچ جۆرە دیوار و سیاجێکی بۆ نەکراوە و لەگەرمای وەرزی ھاویندا بەبەر تیشکی خۆرەوە ماوەتەوە، جگە لەوەش ھیچ ڕێگرییەک نییە بۆ چوونی باڵندە و ئاژەڵەکان بۆ ناو گەنمەکە.
شارەزایەکی بواری کشتوکاڵی مانەوەی ئەو بڕە گەنمە لەبەر تیشکی خۆردا کاریگەری لەسەر گەنمەکە دروست دەکات و مادە سودبەخشەکانی ناوی لەدەست دەدات .
لە ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان تەنھا ٦ سایلۆ ھەیە کە زۆربەیان لەسەر شێوازی کۆن دروست کراون و کۆی توانای ھەموویان تەنھا ٢٢٠ ھەزار تەن دانەوێڵەی ھەڵگیراوە، گەورەترین سایلۆش سایلۆی مەخمورە کە توانای گرتنی ١٠٠ ھەزار تەن دانەوێڵەی ھەیە.
لەئێستادا حکومەتی ھەرێم سەرقاڵی دروستکردنی سایلۆیەکە لەشارۆچکەی پیرەمەگرون کە ٨٠ ھەزار تەن گەنم دەگرێت و بریارە ساڵی داھاتوو تەواو ببێ، ھەروەھا ٣ سایلۆی تریش لە شارەکانی ڕانیەو سەیدسادق و چەمچەماڵ دروست دەکرێن.
شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن ھەرێمی کوردستان پێویستی بەدروست کردنی ٨ سایلۆی تازە ھەیە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی سایلۆ کۆنەکاندا.