Mohammed Baqi Hussein
12 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2016
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت، بەرزترین ئاستی ١٧ مانگی رابردووی تۆمار کرد و گەیشتە ٥٧ دۆلار و ٥٠ سەنت.
دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو دەزگای زانیاریی وزەی ئەمریکا EIA رایگەیاند، ئەگەر نرخی نەوتی خاو بگاتە سەرووی ٥٠ دۆلارەوە، ئەمریکا بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر دەکات، نرخی نەوت لەئاستی ٥٤ دۆلاردا ھاوسەنگیی وەرگرت.
بەڵام لەم ھەفتەیەدا لەگەڵ بەڵێنی ١١ وڵاتی نائەندام لە ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمی نەوتی خاو بەبڕی ٥٥٨ ھەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، نرخی نەوتی خاو بەبەرزبوونەوە دەستیپێکرد و گەیشتە ٥٧ دۆلار و ٥٠ سەنت کە بەرزترین ئاستە لە تەمووزی ٢٠١٥ەوە.#
کاتژمێر ١٠:٥٠ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی سەدا ٤،٦ بەرزبووەوە و گەیشتە ٥٦ دۆلار. نرخی نەوتی خاوی تێکساسیش بەڕێژەی سەدا ٥،٣ بەرزبووەوە و گەیشتە ٥٤ دۆلار و ٢٠ سەنت.
شارەزایانی بوارەکە پێشبینی دەکەن بڕیارەکانی ئەم ھەفتەیەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا Fed کاریگەریی لەسەر نرخەکان دەبێت و ئەگەر نرخی نەوت لەسەرووی ٥٧ دۆلارەوە جێگیربێت، ئەگەری بەردەوامیی بەرزبوونەوەشی لەئارادایە.