Hemin Othman Mohammed
22 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2023
سلێمانی – AA
نەقاڕەکان ڕۆژ تا ئێوارە چەکوشێک لەنێو لەپی دەستیان دەگرن و بەوپەڕی شارەزاییەوە و نەقاڕی تاشە بەردەکان دەکەن و نان لە بەردی ڕەق دەردەهێنن و بژێوی ژیانیانی پێ پەیدا دەکەن.
سەرەڕای سەختی کارەکانیان، نەقاڕەکان ماندوونەناسانە کار دەکەن و ڕزقێکی حەڵاڵ بۆ ماڵ و منداڵیان بەدەستدەهێنن. ئەگەر تەماشایەکی شەقام و کۆڵانەکانی زۆر شوێنی شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت جێدەستی نەقاڕەکان لە هەموو شوێنێکیاندا بەدی دەکرێت.
لوتفوڵڵا ئیسماعیل ( ٥٩ ساڵ) کە سەرقاڵی کاری نەقاڕییە، دەڵێت: "لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە کە ٤١ ساڵ دەکات خەریکی ئەم کارەم و بژێوی خۆم و خێزانەکەی لەسەر ئەم پیشەیە پەیدا دەکەم".
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، لوتفوڵڵا باسی لەوە کرد کە ئەو بەردانەی کاریان لەسەر دەکەن چەند جۆرێکی هەیە، بەردی دێڵان بۆ کاری سەنگفەرش (بەردەڕێژی شەقام) بەکاردێت کە قەبارەیەن ٥ - ١٢ سم دەبێت، ئەو بەردانەی قەبارەیان لە ١٢ سم زیاترە واتە ٥ - ١٥ سم بۆ خانوو دروستکردن بەکار دەهێندرێن، بەردی قەبارە ٢٠-٣٠ سم کە بۆ کاری خانەباخ و کەڵەک بەکار دێت''.
بەرهەمی کاری دەستی ئەم نەقاڕانە بە سیمای بینا جوانەکاندا دیارە و، بەرد بە بەرد دەکوتن و شێوەی پێ دەدەن بۆ ئەوەی دیوارێکی جوان و ڕێکی لێ دروست ببێت.
پیشەی نەقاڕی، کارێکی سەختە و بە کەم کەس دەکرێت، چونکە ئارامگریی و شارەزاییەکی باشی دەوێت، کارکردن لەسەر یەک بە یەکی بەردەکان و سازکردنیان بۆ ئەوەی بۆ کاری دیوار بشێت، وردەکاری زۆری دەوێت.
لوتفوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە کانی بەرد ڕەگ ڕەگە و هەتا دەگەن بە بەردەکان ئەوەی بە کەڵک نایەت لایدەبەن و گوتی: ''خاک و خۆڵەکەی سەری لادەبەین و دەگەینە سەر بەردەکان و لە ڕێگەی ئامێرەکانی کارکردنەوە وەک دەقاق و حەفارە بەردەکان دەردەهێنین لە خۆڵەکەی جیادەکەینەوە و پاکیان دەکەینە وە وئامادەیان دەکەین بۆ کڕیار. بەردەکەی زۆر جوانە هەر لە هەڵەبجەوە هەتا هەولێر بۆ تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەم بەردانە ڕەوانە دەکەین''.
لوتفوڵڵا ئیسماعیل باسی لەوەیش کرد کە هەندێک لە بەردەکان یەک مەتر بۆ یەک مەتر و نیو پانە و، ئەوانە جیادەکەنەوە و خەڵک دەیانبەن بۆ جوانی و بەردە نوێژ.
گوتیشی: ''بەردی سپی جوانتر و بەهێزترە، لەبەرئەوەی کەمترە خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام بەردە کەوەکەی کەمێک ناسکترە و زوو دەشکێت بەردە تەوەڵانیشمان هەیە کە زۆر جوانە''.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کاری نەقاڕی ڕووی لە کەمی کردووە، ئەویش بەهۆی جێگرەوەی زۆر بۆ بەرد لە دروستکردنی خانوو باڵەخانەکاندا، بەڵام هێشتا جوانی هەندێ بەرد و شارەزایی و دەستڕەنگینی وەستاکان لە دانانیاندا وایکردووە هاووڵاتیان بۆ جوانکاری لە ڕووکاری دەرەوەی خانوو و باڵەخانەکانیاندا بەکاریبهێنن.
ئەیوب مرادخانی (٣٥ ساڵ)، کە کاری نەقاڕی دەکات، ١٥ ساڵە سەرقاڵی ئەم پیشەیەیە، باس لەوە دەکات ئەو بەردانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکات بەردی هەورامانە، بەردی کانە بەردەکانی گوڵپ و باخەکۆنە و گوتی: '' لە زووەوە بەردی هەورامان بەناوبانگە و بەردێکی جوانە. ئێمە جوان چاکیان دەکەین، سەنگینی کارەکە لای ئێمەیە، ئەم کارەمان کارێکی قورسە، کەم کەس بتوانێت بیکات، ئێمە لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە تا ٤ی ئێوارە کار دەکەین و چەکوشکاری دەکەین. بە سم کار لەسەر بەردەکان دەکەین و بە پێی خواستی وەستا بەردەکان ئامادە دەکەین، یەکێی دیکە لەو بەردانەی چاکیان دەکەین بەردی گۆنیایە، کە بۆ دیواری وشکەچین بەکاردێت و هیچ شتێکی وەک چیمەنتۆ بەکارناهێندرێت بۆ دانانی''.
ئەیوب ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بە سەرما و گەرما کار دەکەن، بە هاوین لە تاو گەرما لە ئاوی کانیاوەکان خۆیان فێنک دەکەنەوە و زستانانیش لە ژێر کەپردا کاردەکەن.
گوتیشی: ''ئەگەر بەردەکان وردەکاریان زۆر بێت ڕۆژانە یەکی ٧-١٢ بەرد چاک دەکەین، ئەگەر وردەکاریشیان زۆر نەوێت هەتا ٢٠-٢٥ بەرد چاک دەکەین''.
پیشەی نەقاڕی وەک هەموو پیشەکانی دیکە چەندین مەترسی هەیە. وەک ئەوەی نەقاڕەکان باسی دەکەن هەندێک جار هەرەسی بەرد ڕوودەدات و کرێکار دەبێتە ژێرەوە، یاخود ئەوەی زۆرترین کات نەقاڕەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە کاتی کارەکەیاندا پارچە بەرد و زیغ دەپەڕێت و بەر ڕووخسار و چاویان دەکەوێت و زیانیان پێ دەگەیەنێت.
لە سەردەمی ئێستادا کە جۆرەها کارگەی دروستکردنی بلۆک و خشت و جۆرەکانی دیکەی کارەستەی بیناسازی هەیە کە وەک بەرد لە دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکاندا بەکاردێت، بەڵام سەردەمانی کۆن تەنیا بەرد هەبوو بۆ دروستکردنی خانوو و هەندێجاریش باڵەخانە چەند نهۆمییەکان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی زۆری بەربەست و دیوارە ڕێگرەکان بەم بەردانە دروست کراون کە یەک بە یەکی ئەو بەردانە بە دەستی نەقاڕ سازکراوە.
وەک نەقاڕەکان خۆیان باسی دەکەن، مەرج نییە ئەوەی نەقاڕی دەکات وەستا بێت، بەڵام پێویستە ئەوەی وەستایەتییەکە دەکات نەقاڕ بێت، چونکە هەر بەردێک دەچێتە بەردەستی ئەگەر بۆ ئەو شوێنەی دەیەوێت نەگونجێت یاخود کەموکورتییەکی تێدابێت، دەبێت چاکی بکات و بیسازێنێت.
ئەم بەردە سروشتیانە لەگەڵ ئەوەی جوانییەکی جیاواز بە سیمای خانوو و باڵەخانەکان دەبەخشن، هاوکات بە بەراورد بە زۆرێک لە کەرەستە جێگرەوەکانی دیکە، لە ڕووی پتەوی و بەرگەگرتنەوە باشترن و، تایبەتمەندییەکی هەیە کە لە هەموو وەرزەکاندا گونجاوە، لە زستاناندا گەرمی ماڵ و باڵەخانەکان دەهێڵێتەوە و گەرمای هاوینیش دەگرێت و ڕێگری دەکات پیایدا تێپەڕێت، چونکە درەنگ سارد یان گەرم دەبێت.