Heman Hussein Yaseen
11 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2023
هەولێر - AA هێمن حوسێن
وەستا یونس سەعید ماوەی ٤٥ ساڵە لەسەر شۆستەیەکی ناو بازاڕی شاری هەولێر کاری کڕین و فرۆشتنی تەسبیح دەکات و تا ئەمڕۆش لە پیشەکەی بەردەوامە.
ئەو لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا، دەستی بە پیشەی کڕین و فرۆشتنی تەسبیح کردووە و، ئێستاش لەسەر شۆستەیەکی ناو باغی شار لە هەولێر، لەسەر چەند پارچە کارتۆنێک دانیشتووە و لە رێگای مێزەکەی بەردەمییەوە کاری ڕۆژانەی خۆی دەکات.
وەستا یونس سەعید لەبارەی پیشەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو ساڵ بەر لە دەستپێکی شەڕی نێوان عێڕاق و ئێران (١٩٧٨) لەم بازاڕە دەستم بە پیشەی کڕین و فرۆشتنی تەسبیح کرد و تا ئەمڕۆش لە پیشەکەم بەردەوامم".
ئەو لەبارەی شێوازی پیشەکەیەوە گوتی: "جاران چەند کەسێک بووین لێرە کاری کڕین و فرۆشتنی تەسبیحمان دەکرد، جۆرەکانی تەسبیحیش زۆر بوو وەک ئینجیر، کارەبا( کەهرەمان)، سەندەلووس و چەند جۆرێکی دیکە، ئەوکات پێچەوانەی ئێستا، جۆری قەزوان خواستی لەسەر نەبوو، بەڵام بەم دواییە خواستی کەوتەسەر و ئێستا جۆرێکی باوە و بەهاکەشی زۆرە".
لە کۆنەوە دروستکردنی تەسبیح بەشێوازێکی نەریتیی بووە و بۆ دروستکردنی یەک دانە تەسبیح چەند ڕۆژێک کاتی ویستووە، ئەگەرچی ئێستا بەھۆی ئامێری تایبەتەوە، کارەکانی دروستکردنی تەسبیح ئاسانتر بووە بەڵام بۆ هەندێک کاری چاککردنەوە و گۆڕینی دەزووی تەسبیحەکە، پێویستی بە کاری دەستی هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش وەستا یونس سەعید مێزێکی گەورەی لەبەردەمی داناوە، نیوەی مێزەکە بریتییە لەو تەسبیحانەی کە بۆ فرۆشتن نمایشی کردوون، نیوەی دیکەی مێزەکە بریتییە لەو دەزووە ڕەنگاوڕەنگانەی بۆ گۆڕینی دەزووی تەسبیحەکان بەکاریان دەهێنێت.
وەستا یونس سەعید ئاماژە بە بەها و جۆری تەسبیحەکان دەکات بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر بەراورد بە نرخەکان بکەین، دەبینین بۆ نموونە جۆرێکی تەسبیح ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بەهاکەی یەک دەرهەم بوو، ئێستا هەمان تەسبیح بە ١٠٠ هەزار دینارە".
تەسبیح جۆری زۆرە، ھەندێکیان ھاوردە دەکرێن و ھەندێکیان خۆماڵین، ئەوانەی خۆماڵین بریتین لە جۆری قەزوان کە بە باشترین جۆری تەسبیح دادەنرێت و لەمبارەیەوە وەستا یونس سەعید گوتی: "جۆری قەزوان خۆماڵییە، ئەوانی دیکە زۆربەی تەسبیحەکان لە تورکیا، ئێران و سووریا هاوردە دەکرێن، هەروەها جۆری سەندەلووس لە هەموویان زیاتر خواستی لەسەرە کە ئەویش لە چەند وڵاتێکەوە هاوردە دەکرێت".
لەبارەی نرخەکانی ئێستاشەوە، وەستا یونس سەعید گوتیشی: "ئێستا نرخەکان زۆر ڕوون نین بەڵام جۆری کارەبایی بەهاکەی نزیکەی سێ هەزار دۆلارە و ئێستا لەم بازاڕە یەکێکە لە تەسبیحە هەرە گرانەکان".
بۆ دروستکردنی هەر تەسبیحێک سەرەتا ماددەکان لە شێوەی قالب هاوردە دەکرێن و دواتر لە رێگای ئامێری مشارەوە دەست دەکرێت بە بڕینی قالبەکان، پاشان چوارگۆشەی بچووک بچووکی لێ دەردەچێت، ئینجا لە رێگای ئامێرێکی دیکەوە دەست دەکرێت بە داتاشینی قەبارەی بازنەیی و ئینجا کونکردنی دەنکەکە، دواتر لە رێگای ئامێرێکەوە کە تایبەتە بە درەوشانەوە، دەنکە تەسبیحەکە بە دوو قۆناغ تێپەڕ دەبێت، یەکێکیان قۆناغی نەھێشتنی شوخت و کونی بچووکە و ئەوەی دیکەش قۆناغی کۆتایی دەنکەکەیە کە بریتییە لە درەوشانەوە و بریقەدارکردنی دەنکەکان، ئینجا لە رێگای دەزوویەکەوە دەنکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە تەسبیح.
ئەم تەسبیحەش بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردێت وەکو زیکرکردن و یادکردنەوەی خودا و زۆرجاریش تەسبیح بۆ خۆخافڵاندن بەکاردێت و لە کۆڕ و دیوەخانەکاندا بەدەست پیاوە بە تەمەنەکانەوە دەبینرێت.