Emre Gürkan Abay
16 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2022
مۆسکۆ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند نرخی ئەو گازەی رەوانەی ئەورووپای دەکەن بە رێژەیەکی بهرچاو لەو ناوەندە دیاری دەکرێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئیستانبوڵ دابمەزرێت و گوتی: "ژێرخانی گازی سرووشتیی تورکیا خاوەن توانایەکی گرنگە. ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی بۆ بازرگانیکردن لە ناوەندی گازی سرووشتی دابمەزرێت".
ڤلادیمیر پوتین، لە میانی بەشداریکردنی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە ئهنجوومهنی نیشتمانیی پرۆژە و گەشەپێدانی ستراتیژیی کە بەرپرسانی حکوومەتیش تێیدا ئامادەن، هەڵسەنگاندنی بۆ دووایین پێشهاتەکانی بوارەکانی ئابووری و وزە ئەنجامدا.
پوتین ئاماژەی بەوە کرد، سزای ئهوتۆ لەسەر رووسیا جێبەجێ کراوە کە "وێنەی نەبووە" و گوتی: "ئامانجیان ئەوەبوو بە دزینی یەدەگی دۆلارمان، داڕمانی رۆبڵ و درووستکردنی هەڵاوسانێکی رووخێنەر لە ماوەیەکی کورتدا ئابووریمان لەناوببەن".
جەختی لەوەشکردەوە کە نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەیان و گوتی: "له سایەی حکوومەتی رووسیا، بانکی ناوەندیی رووسیا و هەوڵی هاوبەشەکانی ناوچەکان سەرکەوتین لە سەقامگیرکردنی دۆخەکە. چاوەڕوان دەکرێت تاکو کۆتایی ساڵ ئابووری رووسیا سەدا ٢،٥ بچووك ببێتهوه. بەڵێ ئەمە پاشهكشهیه، بەڵام وەکو ئەوەی زۆربەی شارەزا خۆرئاواییەکان و هەندێک لە شارەزاکانی خۆمان چاوەڕوانیان دەکرد سەدا ٢٠ بچووكبوونهوه روونادات".
سهرۆكی رووسیا تیشكی خستهسهر ئهوهی كه رۆبڵی رووسی لەم ساڵدا وەکو یەکێک لە دراوە بەهێزەکانی لێهاتووە و گوتی: "ئەم ئەنجامە؛ له سایەی رێکخستنی دەرچوونی پارە، مەرجی گۆڕینی پێدانی پارە بۆ رۆبڵ، بڕیارەکانمان بۆ بەکارهێنانی کاریگەرانەی دراوە نیشتمانییەکان لە بازرگانیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان و سیاسەتێکی دارایی بەرپرسیارانەوە بەدەستهێنا".
- "هەناردەکردنی رووسیا بۆ ئەوروپا زیادی کرد"
ڤلادیمیر پوتین ئاشكرایكرد، رووسیا سنووردارکردنە داراییی و لۆجیستییەکانی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی هەڵدەگرێت و گوتی: "دەمەوێت ئەوەتان وەبیربهێنمەوە کە وڵاتە خۆرئاواییەکان هەوڵ دەدەن لهرێگهی سەپاندنی سزاکانەوە رووسیا بەرەو لێواری گەشەسەندنی جیهانی پاڵبنێن. بەڵام هەرگیز خۆمان گۆشەگیر ناکەین. بە پێچەوانەوە، هەماهەنگیمان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە فراوان دەکەین کە بەرژەوەندییان لەمەدایە و بەردەوام دەبین لە فراوانکردن".
پوتین جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا سەرەڕای سزاکان بە رێژەیەکی گرنگ بازرگانیی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا زیادکردووە و گوتی: "تێبینییەکی سەرنجڕاکێش هەیە، رێژەی هەناردەکردنی بەرهەمە سەرەکییەکانمان بۆ یەکێتی ئەورووپا بە رێژەی ١،٥ هێندە زیادیکرد و کۆی گشتیی هەناردەکانمان لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی سەدا ٤٢ زیادیکردووە. هەروەها زیادەی بازرگانی لە ئاستی ١٣٨ ملیار دۆلاردایە و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێمەیە. لە کاتێکدا ئەورووپا هەناردەکەردنەکانی رادەگرێت، بەردەوامە لە بەکارهێنانی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانمان. ئەم ناهاوسەنگییە بۆ هەتاهەتایی بەردەوام نابێت".
ههروهها باسی لەو ناوەندی گازی سرووشتییە کرد کە وا بڕیاره لە تورکیا دابمەزرێت و گوتی: "ژێرخانی گازی سرووشتیی تورکیا خاوەن توانایەکی گرنگە. ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی بۆ بازرگانیکردن لە ناوەندی گازی سرووشتی دابمەزرێت. نرخی گازی سرووشتی بۆ بەکارهێنەرانی ئەورووپا بەڕێژەیەکی بهرچاو لەو ناوەندە (ئەوەی تورکیا) دیاری دەکرێت. ئەوەی لە ناوەندەکانی خودی ئەرووپا بەڕوێوەدەچێت شێتانەیە. ئێستاش هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئێمە بەوە تاوانبار بکەن کە خۆیان بەدەستی خۆیان کردوویانە".