Aras Huseyin
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2021
ئامێدی - AA
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەسەدان گەشتیار بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و چێژ وەرگرتن لە کەشوھەوای فێنک، سەردانی گەلی شێرانە لە سنووری قەزای ئامێدی دەکەن و بهرپرسانی هاوینهههواری ناوچهكهش پێشبینی هاتنی یهك ملیۆن گهشتیار دهكهن بۆ گهلییهكه لهماوهی ئهمساڵدا.
گەلی شێرانە دەکەوێتە گوندی ھاریکا ئاغا لە سنووری ناحیەی دێرەلوک سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دھۆک.
سەرچاوەی ئاوی ئەم گەلییە لە گوندی زێوکا و شێرانە لە سنووری ناحیەی دێرەلوک دەست پێ دەکات و بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر دێتە ناو گەلی شێرانە و دواتر بە درێژایی شەش کیلۆمەتر دەچێتە سەر زێی گەورە لە دێرەلوک.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەی پلەکانی گەرما، بەسەدان گەشتیار لە شارەکانی ھەرێم، ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و چێژ وەرگرتن لە کەشوھەوای فێنک و بینینی دیمەنە دڵڕفێنەکانی ئاوی شین، سەردانی گەلی شێرانە لە سنووری قەزای ئامێدی دەکەن.
دوای ساڵی ٢٠١٧ لە گەلی شێرانە چەندین ھاوینەھەوار کراونەتەوە کە پێشتر شوێنێکی پشت گوێخراو بوو، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە گەشتیاری زیاتر سەردانی ئەم ناوچەیە بکەن و بە گوتەی کارگێری ھاوینەھەوارەکانی گەلی شێرانە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ یەک ملیون گەشتیار سەردانی گەلی شێرانە بکەن.
لە گەلی شێرانە شوێن بۆ خێزانەکان دروست کراوە، بەڵام شوێنە تایبەت و سەرنجڕاکێشەکان تەنیا گەنجەکان دەتوانن بۆی بچن، ئەویش بە بڕینی رێگایەکی مەترسیدار و رۆیشتن بەپێ لەسەر لێواری بەرزاییەکانی گەلییەکە بۆماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر.
ئەوەی ئاوی گەلی شێرانە جیا دەکات لە ئاوەکانی تر بوونی کانزای کبریتە لەنێو ئاوەکەیدا کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکات و رەنگی ئاوەکە بە شینێکی کاڵ و سازگار دەردەکەوێت، بۆیە ھەندێک کەس ناوی دەنێن ئاوی شین و ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشە وا دەکات کە گەشتیاران تامەزرۆی بینینی بن و بەکۆمەڵ سەردانی ئەم شوێنە بکەن کە ھەندێکیان ناوی دەنێن بە دیمەنێک لە بەھەشت.
لە بارەی سروشتی گەلی شێرانە کارگێڕی ھاوینەھەوارەکانی گەلی شێرانە، ھەرمان سدقی محەمەد بو ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سروشتی ئەم ناوچەیە سروشتێکی خورسکە و ھیچ دەستکاریەک نەکراوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی شارەزایانی بواری ئاو، ئاوی ئەم ناوچەیە سازگارترین ئاوە لە سەرتاسەری عێراق".
لەبارەی رێژەی گەشتیاران و سەردانکردنیان بۆ گەلی شێرانە، ھەرمان سدقی محەمەد گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٧ ئەم ناوچەیە کراوە بە چەندین ھاوینەھەوار کە ژمارەیان ١٥ ھاوینەھەوارە، لەو ساڵەدا كە یەكەمین ساڵ بۆ ٣٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ئەم ناوچەیەی کرد و لە ساڵی ٢٠١٨ ژمارەکە بەرزبووە بۆ ١٥٠ ھەزار گەشتیار و لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو و بوو بە ٥٢٠ ھەزار گەشتیار، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ بەھۆی کۆرونا وەک ھەموو شوێنە گەشتیاریەکانی تر ھاوینەھەوارەکانی ئەم ناوچەیەش بە داخراوی مانەوە".
ناوبراو گوتیشی: "لە مساڵدا، رۆژانە سێ ھەزار بۆ شەش ھەزار گەشتیار سەردانمان دەکەن و پێشبینی دەکەین و ئامانج و پلانمان ئەوەیە کە ژمارەی سەردانکردنی گەشتیاران بو گەلی شێرانە ببێتە یەک ملیۆن گەشتیار".
لە یەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی گەلی شێرانە گەشتیارێکی خەڵکی بەسرە بەناوی عەلا عەبد عەلی تەمەن ٤١ ساڵ لەگەڵ خانەوادەکەی سەردانی گەلی شێرانە کردووە قسەی بو ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "پلەکانی گەرما لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر بەرزبوونەتەوە بۆیە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق خەڵک دێنە ئەم ناوچەیە، چونکە کەشوھەوایەک فێنکی ھەیە و دیمەنەکانی زۆر سەرنجڕاکێشن، منیش لەگەڵ خانەوادەکەم ھاتوومە ئێرە و کاتێکی زۆر خۆش بەسەر دەبەین".