Dilara Zengin Okay
30 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2022
واشنتۆن - AA
لە کاتێکدا کۆمپانیای ئەپڵ کە یەکێکە لە کۆمپانیا دیارەکانی بواری تەکنەلۆجیا لە ئەمریکا لە مانگەکانی کانوونی دووەم-ئادار داهات و قازانجی زیادی کردووە، بەڵام ئەمازۆن سەرەڕای زیادبوونی داهاتەکەی زیانی کردووە، ئینتێل لە هەمان قۆناغدا داهاتی کەمی کردووە بەڵام قازانجی زیادی کردووە.
کۆمپانیاکانی ئەپڵ، ئەمازۆن و ئینتێل، ئاماری قۆناغی کانوونی دووەم-ئاداریای ٢٠٢٢یان بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن ئەپڵەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ئاماری مانگەکانی کانوونی دووەم-ئاداردا، داهاتی کۆمپانیاکە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لە سەدا نۆ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٩٧،٣ ملیار دۆلار. لە هەمان کاتدا ٨٩،٦ ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
ئەوە لە کاتێکدایە کۆمپانیاکە لە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوودا قازانجی کە ٢٣،٦ ملیار دۆلار بووە لە سەدا شەش زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار.
لەو قۆناغەدا قازانجی کۆمپانیاکە بۆ هەر پشکێکی لە ١،٤٠ دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ١،٥٢ دۆلار.
- لە کاتێکدا ئایفۆن و ماک فرۆشیان زیادی کردووە، ئایپاد فرۆشی کەمی کردووە
لەو ماوەیەدا مۆبایلی زیرەک و کۆمپیوتەری ئەپڵ فرۆشیان زیادی کردووە، بەڵام فرۆشی ئایپاد کەمی کردووە.
بڕی قازانجی فرۆشی ئایفۆن لە کانوونی دووەم-ئادار بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو سەدا شەش زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ٥٠،٦ ملیار دۆلار.
لە هەمان کاتدا فرۆشی ئایفۆن سەدا سێ کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ٧،٦ ملیار دۆلار، فرۆشی ماک لە سەدا ١٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٠،٤ ملیار دۆلار.
- ئەمازۆن لە یەکەم چارەکدا ٣،٨ ملیار دۆلار زیانی کردووە
ئەمازۆن کە کۆمپانیایەکی گەورەی بازرگانی ئەلیکترۆنی ئەمریکییە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا سەرەڕای زیادبوونی داهاتی، لە ٢٠١٥ەوە تا ئێستا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا زیانی کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، ئەمازۆن ئەو داهاتەی لە مانگەکانی کانوونی دووەم-ئاداری ئەمساڵدا بەدەستی هێناوە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لە سەدا حەوت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١١٦،٤ ملیار دۆلار. ئەوە لە کاتێکدایە لە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوودا فرۆشی کۆمپانیاکە ١٠٨،٥ ملیار دۆلار بووە.
ئەمازۆن کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا ٨،١ ملیار دۆلار قازانجی راگەیاند، ئەمساڵ لەو قۆناغەدا ٣،٨ ملیار زیانی کردووە.
ئەو کۆمپانیا گەورەیەی بازرگانی ئەلیکترۆنی کە لە قازانجی هەر پشکێکی لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١٥،٨ بوو، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دابەزی بۆ ٧،٦ دۆلار.
لە راگەیەندراوەکەدا بۆچوونی بەڕێوەبەری باڵای ئەمازۆن، ئاندی جاسی خراوەتەڕوو کە دەڵێت: ''پەتا و پاشان جەنگی ئۆکراینا، گەشەی نائاسایی و ئاستەنگی دروست کرد''.
- ئینتێل سەدا حەوت فرۆشی کەمی کردووە
ئینتێل کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی مایکرۆچیپ لە جیهاندا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا فرۆشی کەمی کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو داهاتەی لە چارەکی یەکەمی ساڵدا بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو بەدەستیهێناوە لە سەدا حەوت کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ١٨،٤ ملیار دۆلار. ئەوە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە کانوونی دووەم-ئاداری ساڵی رابردوودا ١٩،٧ ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
قازانجی سافی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمدا بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو، سەدا ١٤١ زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ٨،١ ملیار دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی پاردا ٣،٤ ملیار دۆلار قازانجی سافی هەبووە.
قازانجی هەر پشکێکی کۆمپانیاکە کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا ٠،٨٢ دۆلار بووە، گەیشتووەتە ١،٩٨ دۆلار.