Rewa Mahmut Hasan
25 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2016
راوێژکاری پەیمانگای مەشقی نەوتی عەرەبی شەوقی خالسیی رایگەیاند کە پێویستە سندووقێکی تایبەت دابین بکرێت تایبەت بە وەبەرهێنانی نەوتی عێراق و ئاشکراشی کرد دەبێت هەوڵی تەواو بدرێت بۆ ئەوەی کە ئابووری عێراق تەنیا پشتبەستوو بە نەوت نەبێت.
لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی نەوتی عێراق کە لە بەریتانیا رێکخرابوو، خالیسی ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لە قەیرانی ساڵی ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا زۆر کاریگەر نەبووە بە نرخی نەوت، چونکە چەندین کێشەی سەرەکی تری وەک جەنگی کەنداو و سزای ئابووری بەسەریدا لە ئارادا بووە بەڵام لە ٢٠١٥دا و لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەرییەکان لەسەری زیادیان کرد.
خالیسی ئاماژەی بەوە دا ئەگەر نەوت ببێتە دووەم سەرچاوەی وزە، ئەوە عێراق زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دۆخەکەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەکەم بەهۆی گۆڕینی کەشوهەوا و گەرمبوونی بەرگەهەوای زەوییەوە، چەندین گۆڕانکاری ژینگەیی دەسەپێنرێت، دووهەمیش رکابەرێتی ئابوورییە.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە دەبێ سندووقێکی تایبەت دابین بکرێت، تایبەت بە وەبەرهێنانی نەوتی عێراق و ئاشکراشی کرد دەبێت هەوڵی تەواو بدرێت بۆ ئەوەی کە ئابووری عێراق تەنیا پشتبەستوو بەنەوت نەبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بەناوی عەلی شەداد فارس ئاماژەی بەوە دا کە شاری بەسرە هەموو کاتێک رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ستراتیژیەتی ناوچەکە و راشیگەیاند کە بەسرە زۆر گرنگە بۆ داهاتووی ئابووری عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە لەسەدا ٥٩ی نەوتی یەدەکی عێراق و لەسەدا ٧٠ی گازی سرووشتی یەدەک لە بەسرەیە.