ھەولێر
رۆژی یەکشەممە لە ھۆتێل رۆتانا لەشاری ھەولێر زیاتر لە ٣٥ کۆمپانیای تایوانی، بەشدارییان کرد لەپێشانگەیەکدا بۆ نیشاندانی کاڵاو بەرھەمەکانیان.
پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی، لەکاتی بەسەرکردنەوەی پێشانگەکەدا گوتی: "سیاسەتی حکومەتی ھەرێم روون و ئاشکرایە لەبارەی کۆمپانیاو وەبەرھێنە بیانییەکان، بە گرنگی دەزانێ دەرگای کوردستان واڵا بێ بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ئەوەی لێرە. کێبڕکێی بازرگانی بکەن. ھیچ سانسۆر و رێگریەکیش لە بەردەمیاندا نییەو ئاسانکاریشیان بۆ دەکرێ."
کۆمپانیاکانی تایوان، بەھاوکاری گروپی دریم لاند و ژووری ھاوردەو ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان یەکەمجارە بەو رێژە زۆرە لەبازاڕی ھەرێمی کوردستان چالاکیی ئەنجام دەدەن.
بەرھەمی کۆمپانیاکانی تایوان لە پێشانگاکەدا لە بوارەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ، ئۆتۆمبێل، کتێب، ئەلیکترۆنی، خۆراک، پێداویستییەکانی ناو ماڵ و جل و بەرگ بوو.
وا بڕیارە ئەو کۆمپانیایانە چەند رۆژێک لە کوردستان بمێننەوەو پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ ھەرێمەکەدا گەشەپێ بدەن.