Hemn Baban,Sarmand Hameed
15 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2016
ئەمڕۆ هەینی نزیكەی 500 كەس لە ژێر دەسەڵاتی داعشەوە هەڵاتن لە گوندەكانی نزیك لە گەیارەوە و خۆیان گەیاندە ناوچەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە، ئەوان باسیان لە"دۆزەخ"ـەكەی داعش دەكرد و وەكو ئەوەی ژیانێكی نوێ بە بەرگیاندا كرابێت باسیان لە نەهامەتییەكان دەكرد، ئەفسەر لە هێزی پێشمەرگە موقەدەم شێرزاد بایز لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت" پێشبینی دەكەین ئاوارەیەكی زیاتر روو لەم ناوچەیە بكات".
ئاوارەكان لە بارودۆخێكی دەروونی زۆر تێكشكاودا بوون و گریانی منداڵەكان و داواكردنی ئاو، دوو دیمەنی باڵكێشاوی ئەو شوێنە بوون كە ئەوانی لێ دابەزین.
ئەمڕۆ هەینی بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای عێراق بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری ناحیەی گەیارە كە 60 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵ ناوةندى پارێزگای نەینەواوە دوورە سەدان كەس لە دانیشتووانی گوندەكانی دەوروبەری گەیارە و خودی گەیارە و ناوچەی دیكەش خۆیان گەیاندە خاڵی پشكنینی باقرت لە نزیك قەزای مەخموور كە هێزەكانی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵیان كردووە و پاش پشكنین و دڵنیابوونی سەرەتایی لە ناسنامەكانییان و لەوەی دەكرێت رەوانەی دیبەگە بكرێن ئیدی رەوانەی كەمپەكەی ئەو ناحیەيە كران.
ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای عێراق وایكردووە لەلایەك ببێتە دەرفەتێك بۆ هەڵاتن لەو"دۆزەخ"ـەی داعش لەسەر زەوی بۆی خوڵقاندوون و لەلایەكی دیكەشەوە سەرباری بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵ بارودۆخی دەروونی ئەوان هێندە ناخۆش بوو هەریەك لەو ئاوارانە چەندین چیرۆكی خۆی هەیە كە پاش گەیشتنە سنووری پێشمەرگە ئیدی چاوەڕوانن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانییان بەبێ داعش و ئەو چیرۆكانەش ببنە یادگاریی تاڵ.
لە خاڵی پشكنینی باقرت ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە موقەدەم شیرزاد بایز لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرباز و ئاساییشەكانی شوێنەكە لە پێشوازی ئەو ئاوارانەدا بوون كە بە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری سەربازی لە ناوچە و سنوورەكانی نزیك لە ناحیەی گەیارەوە گوازرابوونەوە بۆ خاڵەكەی پێشمەرگە، ئاوارەكان وەكو ئەوەی دەرگای بەهەشتیان بۆ كرابێتەوە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای بارهەڵگرەكان خۆیان دەخستە خوارەوە و یەكەم شتێكیش داوایان دەكرد و دەستیان بۆ درێژكردبوو ئاو بوو.
موستەفا، یەكێك بوو لەو گەنجانەی كە باسی لەوەدەكرد ژیانیان لەژێر دەسەڵاتی داعش هێندە تاڵ بووە چەند رۆژێكە جگە لە بوونی ئاو و كارەبا خواردەمەنیش دەست ناكەوێت، ئەو بەدیارمناڵەكەیەوە لەگەڵ هاوسەرەكەی دەگریا و دەیگوت ئەگەر شیر و ئاوی نەدەینێ دەمرێت، لە پاڵ ئەوانەشدا چەندین منداڵ بەدەم گریانەوە بەدوای كەسوكارەكانییاندا دەگەڕان.
ئەوانەی لەوێ بوون باسی "دۆزەخ"ـەكەی داعشیان دەكرد و دەیانگوت تا دێت قەڵەمڕەویی داعش لە پاشەكشێ دایە، هەروەها دەیانگوت ئەوان هاوكاری سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانیان كردووە تا لەدەستی داعش رزگاریان ببێت، جگە لە گرانی و وەرگرتنی باج و پارە لەژێر چەندین ناو، باسیان لەوە دەكرد كە كوشتن لەلای چەكدارانی داعش لە ئاو خواردنەوە ئاسانتر بووە.
عاسم، كوڕێكی گەنج بوو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەستی منداڵەكەی گرتبوو، بەدەم رێوە قسەی بۆ ئانادۆڵو كرد و گوتی " داعش لەخوای دەوێت هەڵەیەك ببینن و یەكسەر خەڵك بكوژن، زۆر تینووی كوشتنن، بەڵام كۆتاییان هاتووە".
موقەدەم شێرزاد بایز لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی" ئەمڕۆ زیاتر لە 500 كەس لە گوند و شوێنەكانی لای ناحیەی گەیارە خۆیان گەیاندووەتە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە و ئێستا پاش دڵنیابوون لێیان دوای پشكنین و یەكلایی كردنەوەی ناسنامەكانیان دەیاننێرینە كەمپی دیبەگە، بەداخەوە ئەو ئاوارانە هێندە زۆربوون لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش نەماوە خزمەتییان بكات، هەرچەندە ئێمە زۆر شتمان بۆ كردوون لێرە و كەمتەرخەمی ناكەین".
ناوبراو گوتیشی" بەداخەوە حكوومەتی عێراق هیچ بەرپرسیارێتییەك بەرامبەر بەو ئاوارانە ناگرێتە ئەستۆ، دەبێت خزمەتییان بكات و بەهانایانەوە بچێت".
بایز پێشبینی ئەوەشی كرد كە لە ئایندەیەكی نزیكدا سەدان خێزانی دیكە لە ناوچەكانی نزیك لە مووسڵ پێش ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵ هانا بۆ هەرێمی كوردستان بهێنن بۆ ئەوەی وەكو لانەیەكی ئارام بەكاری بهێنن تا ئەو كاتەی ناوچەكانییان رزگار دەبێت.
هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەو شوێنەی كە خاڵی پشكنینە هەموو كارێكیان بۆ خزمەتكردنی ئەو ئاوارانە دەكرد، بەشێكیان بە پێدانی ئاو، بەشێكیان بە خۆراك و بەشێكیشیان یارمەتی پیرەكانییان لە رۆیشتن و هەڵسانەوە دەدا كە ئەوەشی ئەوانی دڵخۆش كردبوو و هەمیشە بە قسەی خۆیان دوعا بۆ پێشمەرگە دەكەن.