Ramal Mahmood
19 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرلە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لەوەڵامی رۆژنامەوانێکدا کە پرسی: "دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا سەربازانی رژێمی سووریایان کردە ئامانج، رووسیا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات لەو بارەیەوە. ئەو بارگرژییە نوێیە چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات؟ لە رۆژانی رابردوودا سەربازانی ئەمریکا لەلایەن گرووپەکانی سوپای سووریای ئازادەوە لە گۆڕەپانەکە دوورخرابوونەوە. لەو بارەیەوە تێڕوانینتان چییە؟" رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا لەوبارەیەوە بەرپرسانی ئەمریکا لە راگەیەنراوەکەیاندا ئەوەیان خستووەتەروو کە بەهەڵە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بەهەڵە شوێنەکەیان دیاریکردووە.
ئەردۆغان رایگەیاند لەوانەیە لە گەشتەکەیدا لەچوارچێوەی ژمارەیەک لە دیدارەکاندا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکا دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێت لەنزیکەوە زانیاریی لەبارەی ئەو بابەتە وەربگرێت.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا سوپای سووریای ئازاد تیمە تایبەتییەکانی ئەمریکایان ناوێت و گوتی: "چونکە بەداخەوە هەڵسوکەوتی گەورە بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی سوپای سووریای ئازاد بەرەو ئەو ئاقارە رۆیشت. بەڵام گەورە بەرپرسەکانمان و تیمە تایبەتییەکانمان لەوێ ٢٧ بۆ ٣٠ هێندەی هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکییەکان دەبوون. دوای وەرگرتنی ئەوان و دەرهێنانیان لەوێ بەوجۆرە هەر هیچ نەبێت کارەکانیان لە سووریا تەواوبوون".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێک لە بارەی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەمریکا لە گرێ سپی، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئێمە هەر لەسەرەتاوە رامانگەیاندووە کە هەرگیز رێگە بە درووستکردنی پشتێنەیەکی تیرۆریستیی نادەین لە لایەن پەیەدە و یەپەگەوە لە باکووری سووریا. پێمخۆش نییە گوزارشتی دەوڵەت بۆ ئەوە بەکاربێنم. ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و میدیاکان تا ئێستا بەوە دەڵێن دەوڵەتی ئیسلامی، لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو ناوەوە سووکایەتی بە ئیسلام دەکەن. هێشتا ئاگایان لەوە نییە بێڕێزی بەرامبەر ئیسلام دەکەن. ئێمە دان بەوەدا نانێین رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی دەوڵەتی ئیسلامی بێت، ئێمە بە ئەوانمان گوت داعش. ناوی ئەو رێکخراوە ئەوەیە. جیهان دان بەو ناوەدا دەنێت. بەڵام کەسانێک لای ئێمە جا هەرچۆنێک بێت هێشتا دەڵێن دەوڵەتی ئیسلامی. نابەجێیە بە تیرۆر یان رێکخراوێکی تیرۆرستیی بگوترێت ئیسلام. ئایینی ئێمە تیرۆر رەتدەکاتەوە. ئایینی ئیمە ئایینی ئاشتییە، نابێت کەس رێکخراوی ئاوا بە ئیسلام وەسف بکات".
ئەردۆغان ئەوەی خستەروو گرێ سپی خۆی ناوچەیەکی عەرەبنشینە و گوتی: "ئێستا چییان لەو ناوچەیە کردووە؟ بەرلە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان داعش ئەو ناوچانەی خستە ژێر رکێفی خۆی، دواتر بۆ پەیەدە و یەپەگەی بەجێ هێشت. خۆ ئەوە یەکەمجار نییە. ئەوە قۆناغێکە کە لە حەسەکەوە دێت. لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە دەستییان پێکرد. بەوجۆرە هاتن. ئامانج چی بوو؟ ئامانج یەکگرتن لەگەڵ عەفرین و بەردەوامیدان بە فراوانخوازییەکانیان بوو بەرەو دەریای ناوەڕاست. ئێمە بۆچی هەر ئاراممان گرت تاکو لە کۆتاییدا لە رووداوەکەی عەنتاب گەیشتە تینمان؟ گوتمان 'بەسە ئیدی'. ئەوەمان بە هەموو دۆستانمان گوت. بە ئەمریکا و رووسیامان گوت. بە دۆستە خۆرئاواییەکانمان و تەواوی وڵاتانی ئەندام لە هێزی هاوپەیمانیی گوت. بەڵام بە داخەوە ئەوە لە لێواری روودانیدایە".