Sangar Hamad Azeez
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ رایگەیاند: "دەستگیرکردنی جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە ئاڵپ ئاڵتنۆرس و دەستبەسەرکردنی، یەکێکە لە ئۆپەراسیۆنە پیلانگێرییەکانیان".
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەگای پارتەکەی، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ بانگەشەی ئەوەیکرد دەستگیرکردنی جێگری هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەی، ئاڵپ ئاڵتنۆرس پیلانگێرییە.
فیگەن یوکسەکداغ رایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە پیلانگێرییەکانیانەوە هەوڵی بەهێزکردن و زیادکردنی ژمارەی دەنگەکانیان دەدەن، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو پیلانێکیان بووەتە هۆی لەناوبردنی بوارێکی ژیان. داواکانی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆز و ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکەیان لە سوودی خۆیان بەکارهێناوە، بەهەمان شێوەش دەستگیرکردنی جێگری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ئاڵپ ئاڵتنۆرس و دەستبەسەرکردنی، یەکێکە لە پیلانەکانیان".