Azad Muhemed
18 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2016
فەرماندەى پێشمەرگەى رۆژ، عەقید تاهیر بەهائەددین راگەیاند: "کۆى گشتى پێشمەرگەى رۆژ هەشت هەزار پێشمەرگە دەبێت، چوار هەزار پێشمەرگە مەشق و راهێنانى سەربازییان تەواو کردووە و لە ئەرکى پێشمەرگایەتى خۆیانن لە میحوەرەکانى سنوورى هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییانى رۆژئاوا بەردەوامن لە خۆناونووسکردن بەمەبەستی پەیوەندیکردن بە ریزەکانی پێشمەرگەى رۆژ".
فەرماندەى پێشمەرگەى رۆژ، عەقید تاهیر بەهائەددین لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو لەبارەى ئەرکى سەربازى هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ گوتی: "دواى تەواوکردنى مەشق و راهێنانى سەربازی و نەبوونى رێگە تاوەکو بگەڕێننەوە بۆ رۆژئاوا، پێشمەرگەکانى رۆژ شان بە شانى پێشمەرگەکانى هەرێمى کوردستان لە میحوەرەکانى پێشمەرگە لە سنوورى هەرێمى کوردستان بە تایبەت لە سنوورى پارێزگاى دهۆک رۆڵى پێشمەرگایەتى دەبینن و لە ئۆپەراسیۆنەکانیش بەشدارییان کردووە و بەشداری دەکەن".
ناوبراو سەبارەت بە ئامارى شەهید و بریندارانى پێشمەرگەى رۆژ گوتى: "لەبەر ئەوەى پێشمەرگەکانى رۆژ بەشدارییەکى بەرچاوییان هەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکان و کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانى ژێر قەڵەمڕەوى تیرۆریستانى داعش، هاوشێوەى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان پێشمەرگەى رۆژیش شەهید و بریندارى هەبووە، تا ئێستا لە کۆى بەشدارییەکانى پێشمەرگەى رۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکانى هێزى پێشمەرگە لە هەرێمى کوردستان، زیاتر لە ٤٠ شەهید ٢٠٠ بریندارمان هەبووە".
عەقید تاهیر بەهائەددین باسى بەشدارى پێشمەرگەى رۆژ دەکات لە دوایین ئۆپەراسیۆنى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرەکانى خازر – گوێڕ دژى چەکدارانى داعش و دەڵێت: "لە ئۆپەراسیۆنى چەند رۆژ لەمەوبەرى هێزەکانى پێشمەرگە بۆسەر تیرۆریستانى داعش لە میحوەرەکانى خازر – گوێڕ پێشمەرگەى رۆژ بەشدارییەکى قارەمانانەیان کرد و رۆڵیان هەبوو لە کۆنترۆڵکردنەوەى ئەو گوندانەى لە ناو پلانى ئۆپەراسیۆنەکەدا هەبوو و لە ئۆپەراسیۆنەکانى پێشمەرگە دژى داعش چوار پێشمەرگەى رۆژ شەهید بوون و ١٠ى دیکەیش بریندار بوون".
سەبارەت بە رێژە و رۆڵى ئافرەت لە ناو هێزى پێشمەرگەى رۆژدا ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ دەشڵێت: "ئافرەت لە ناو هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ رۆڵێکى ئەرینى باش دەبینن جگە لەوەى بە وورەیەکى بەرزەوە بەشدارى لە کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانى سەربە هەرێمى کوردستان دەکەن هەرچەند پێشمەرگە خاوەن وورەیەکى بەرزە، بەڵام پێشمەرگە ئافرەتەکان وورە دەبەخشنە هێزەکانى دیکەى پێشمەرگەیش لە بەرەکانى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش. ڕێژەى هەرە زۆرى پێشمەرگەى رۆژ پیاون نزیکەى ١٥% لە پێشمەرگەى رۆژ ئافرەتن".
لەبارەى شوێن و چۆنیەتى مەشق و راهێنانە سەربازییەکانەوە ناوبراو گوتى: "هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ لە سەربازگەکانى ھەولێر، زاخۆ و شێخان لە هەرێمى کوردستان رادەهێندرێن و مەشقى سەربازى ئەنجام دەدەن و لەسەر هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەک و شەڕى کۆڵان بە کۆڵان و چۆنیەتى هێرش بردن و بەرگریکردن رادەهێندرێن لەلایەن فەرماندە باڵاکانى فەرماندەیى زێڕەڤانى و ناوە ناوە تیـمى راهێنەرە بیانییەکانیش بەشدارى دەکەن لە مەشق و راهێنانى پێشمەرگەى رۆژ".
ئەو فەرماندەى پێشمەرگەى رۆژ بە نیگەرانییەوە باسى گەڕانەوەیان بۆ رۆژئاوا دەکات و دەڵێت: "ئامانج لە دامەزراندنى هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ لە ساڵى ٢٠١٢وە تا ئێستا پاراستى هاووڵاتییانمانە لە رۆژئاوا، بەڵام بەداخەوە پەکەکە و هێزەکانى سەربە پەکەکە رێگرن لە گەڕانەوەمان. ئێمەیش نامانەوێت شەڕ و ئالۆزى بکەوێتە نێوان هێزە کوردییەکان لە سووریا، ئەگەر مەترسى شەڕى برا کوژى لە پەکەکە لە ئارادا نەبێت و پەکەکە رێگرى نەکات بەیانى سەرجەم هێزەکانمان دەگەڕێیننەوە کوردستانى سووریا و تەواوى شارە کوردییان دەپارێزین".
فەرماندەى پێشمەرگەى رۆژ، عەقید تاهیر لە کۆتاییدا ئەوەیشى گوت: "ئەو کەسانەى ئەندامن لە هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ سەرجەمیان هاووڵاتییانى کوردى سووریان دواى ئالۆزییەکانى سووریا لە سەرەتاکانى ساڵى ٢٠١٢ بە پەنابەرانى روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و لە دواى دامەزراندنى هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت پەنابەرانى کوردانى سووریا بە گەرمى روو لەو هێزە دەکەن و خۆیان ناو نووس دەکەن بۆ ئەندام بوون لە هێزەکانى پێشمەرگەى ڕۆژ".
هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ لە ١٢/٣/٢٠١٢ دامەزراوە و لە کوردانى سووریا پێکهاتووە لە ناو هێزەکەدا هەردوو رەگەزى نێر و مێ هەیە. لە سێ کەمپى سەربازى مەشق و راهێنانیان پێ دەکریت، تا ئێستا لەلایەن فەرماندەیى زێڕەڤانى یازدەمین خولى سەربازى بەسەرکەوتوویى تەواو بووە.