Mazın Asad . Sarmand Hameed
05 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئەو تیرۆریستانەی بە جلوبەرگی سەربازییەوە نزیکەی ٤٠ ساڵە بە نھێنیی و بە دوو روویی دزەیان کردووەتە نێو ھێزەکانی سوپا و بە رێنمایی رێبەری ئەو رێکخراوە لە پسیلڤانیا ھەوڵی کودەتایان دا و حکوومەتی شەرعی و دیموکراسی و منیان کردە ئامانج".
دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی نێوان ئەردۆغان و سەرکۆماری کازاخستان نورسوڵتان نازاربایڤ و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش بۆ ئەردۆغان و نازاربایڤ لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەنجامدرا.
ئەردۆغان ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە نازاربایڤ بۆ دواجار لە لوتکەی سەرکردەکان لە ئەنجوومەنی ھاریکاری ئیسلامی سەردانی تورکیای کردبوو، بەھۆی دووبارە مێوانداریکردنی ئەو سەرکردەیە دوای چوار مانگ لە تورکیا خوشحاڵی خۆی دەربڕی.
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند سەردانەکەی دوای ھەوڵی کودەتای رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی مانایەکی گرنگی خۆی ھەیە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە قوتابخانەکانی گولەنیش لە کۆبوونەوەکە ھاتووەتە رۆژەڤەوە و بەم پێیەش گوتی: "یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی رۆژەڤ ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز و رۆڵی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی لەم قۆناغەدا بوو.
ئاشکرایە کە وڵاتەکەمان لە شەوی ١٥ی تەمووز رووبەڕووی گەورەترین ناپاک و کەسە خوێناوییەکان بووەوە.و تیرۆریستەكان بە جلوبەرگی سەربازییەوە نزیکەی ٤٠ ساڵە بە نھێنییەوە و بە دوو روویی دزەیان کردووەتە نێو ھێزەکانی سوپا و بە رێنمایی رێبەری ئەو رێکخراوە لە پسیلڤانیا ھەوڵی کودەتایان دا و حکوومەتی شەرعی و دیموکراسی و منیان کردە ئامانج. لەم ھەوڵەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆنی پۆلیس، هاووڵاتیانی سڤیل، فەرمانبەرانی دامودەزگاکان و کارمەندانی داد و ئیداری پشتگیرییان کردووە".