Hemin Hüseyin
04 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2016
هەولێر
نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان، عەلی سیستانی کۆمەک و هاوکاری گەیاندە کامپی ئاوارەکان لە گوندی تینای سەر بە شارەدێی گەیارە کە نزیکەی 3 هەزار خێزانی تێدا دەژیت و بەشی زۆری ئەو ئاوارانەش ژن و منداڵن.
کۆمەڵەی فریاکەوتن کە مەرجەعی باڵای شیعەکان راستەوخۆ سەرپەرشتی دەکات و نوێنەری ئەو مەرجەعەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان کۆمەک و هاوکاری دەگەیەننە هەر جێگایەک کە پێویست بێت و هاوکات پێی وایە بارودۆخی عێراق بە جۆرێکە ناتوانن لەیەک کاتدا فریای تەواوی ئاوارەکان بکەون.
نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان، شێخ عەلائەدین روبێعی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ئەو بارودۆخەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە وایکردووە کۆمەڵێک هاووڵاتیی بەهۆی ئەو بارودۆخەوە دەربەدەر ببن و ئێمەش لە رێگای کۆمەڵەی فریاکەوتن توانیمان کۆمەک و هاوکاری بەسەر 3 هەزار خێزان دابەش بکەین".
سەبارەی بە چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییەی كە لەلایەن کۆمەڵەی فریاکەوتن پێشکەش بە ئاوارەکان دەکرا، شێخ عەلائەدین روبێعی گوتی: "لێرە بەپێی پسوولەی خۆراک کەلوپەل و پێداویستییەکانی وەکو جلوبەرگی منداڵان دابەش دەکەین".
ئەو کۆمەک و هاوکارییە بریتیی بوو لە کەلوپەلی خۆراکی وەکو برنج و شەکر و خوێ و فاسۆلیا و نیسک و دۆشاوی تەماتە، جگە لەوەش بۆ هەر خێزانێک بەپێی پسوولەی خۆراک جلوبەرگی منداڵانیان دابەش کرد.
کامپی گوندی تینا نزیک شارەدێی گەیارەیە و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری گەیارە لەترسی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەو کامپە نیشتەجێ كراون کە ژمارەیان 3 هەزار خێزان دەبێت و زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمڕۆش لەلایەن کۆمەڵەی فریاکەوتن کە مەرجەعی باڵای شیعەکان سەرپەرشتی دەکات، کۆمەك و هاوکاری گەیاندرایە ئەو کامپە کە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە شارەدێی گەیارە دوورە.
جێی ئاماژەیە دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی، لە رۆژی 25/8/2016 شاردەێی گەیارەی سەر بە پارێزگای مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق کۆنتڕۆڵ کرایەوە، بەر لە كۆنتڕۆڵكردنەوەیشی چەكدارانی داعش بیرەکانی نەوتی شارەدێیەكەیان بۆمبڕێژ كرد و تەقاندنیانەوە تاوەکو ئێستاش بەوهۆیەوە دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ئەو ناوچەیەی تەنیووە.