Hemn Baban
03 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2016
دەیان ئامێری سەتەلایت و سینییەكانیان لێرە پەرتوبڵاو، بەشێكیان سووتاو، بەشەكەی دیكەشیان شكاون، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەشێوەیەك كۆیكردوونەتەوە كە جارێكی دیكە سوودیان لێ وەرنەگیرێتەوە.
پاش كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە لەلایەن سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی دیكەوە، ئێستا نهێنییەكانی ''دەوڵەتی ئیسلامی'' ناسراو بەداعش ئاشكرابوون و خەڵك بە بێزارییەوە باس لە نەهامەتییەكانییان لەسەر دەستی چەكدارانی ئەو رێكخراوە دەكەن.
ئێرە دیوانی حەسبەیە كە یەكێكە لە وەزارەتەكانی داعش و بەوەزارەتێكی کە بڕێکی ئێجگار زۆر داهاتی بۆ داعش دەستەبەرکردووە هەژماردەكرێت. كاری ئەم وەزارەتە و فەرمانگەكانی، بە رواڵەت رێكخستنی ژیانی رۆژانەی خەڵكە، بەڵام رێگرییەكانی زۆر زیاترن لە رێكخستن، ئەوەشی بەناوی رێكخستنەوەیە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانی خەڵكە.
لێرە لە دیوانی حەسبە لەناحیەی گەیارە كە دوو خانوو لێکدراوە و بەشێكی وەكو كۆگای كەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان و بەشێكیشی وەكو گرتووخانە بەكارهاتووە، رووبەرێكی فراوان هەیە، لەسەر زەوی چەندین وەسڵ هەن كە بۆ خەڵك كراون بۆ ئەوەی پارەیان لێ وەربگیرێت، ژمارەیەكی زۆر لە ئامێرەكانی سەتەلایت و سینییەكانیان دەبینرێن، كە ئێرەی وەكو گۆڕستانی سەتەلایتەکان لێكردووە. لای داعش بەكارهێنانی ئەوانە قەدەغەكرابوون و هەرچییەكیان دەستكەوتبێت لێرە كۆیانكردووەتەوە، چونكە بەلای ئەوانەوە بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە لە شتە حەرامەكان بووە. بەڵام مەبەستی سەرەكیی ئەوان رێگریكردن بووە لە خەڵك لە تەماشاكردنی هەواڵی نەیارەكانییان لە بەرەوپێشچوونی هێزە عێراقییەکان و شكستەكانی داعش.
ئامێرەكانی سەر زەوی لەگەڵ چەند كتێب و نووسراوی داعشدا بەجێماون، ئامێرەكانیش بۆ دووبارە بەكارهێنانەوە ناشێن. ئێرە سەرچاوەیەك بووە بۆ قەدەغەكردنی خەڵكی لە تەماشاكردنی هەواڵەكانی عێراق و دونیا. داعش هەرشتێكی بە مەترسی بۆ خۆی زانیبێت، شەرعی ئیسلامی بۆ بەكاردێنێت و حەرامی دەكات، ویستوویەتی لەرێگەی ئەم شوێنەوە خەڵكی گەیارە لە جیهان داببڕێت، بەڵام لەگەڵ توندیی رێوشوێنەكانیان، خەڵك لە جیهان دانەبڕاون.
محەمەد خدر عەلی هاوڵاتییەكی دانیشتووی گەیارەیە كە شایەتحاڵی دوو ساڵی نەهامەتییە لەژێر قەڵەمڕەویی داعشدا، ئەو ماڵی لەو گەڕەكەیە كە دیوانی حەسبەی داعشی لێیە لە گەیارە، چەند مەترێك لەو بارەگایەوە دوورە کە گەواهیدەری زۆر حاڵەتی گرتن و بردن و سزادانی خەڵكییە.
ئەو هاووڵاتییە چیرۆكی ئەو وەزارەتەی داعشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئێرە دیوانی حەسبەی داعش بوو، ئێرە بارەگایەكی ئەوان بوو لە ناحیەی گەیارە، هەر لێرەش گرتووخانەیەكیان هەبوو كە خەڵكیان تێدا زیندانی دەکرد، گەر تەماشابكەن ژمارەیەكی زۆر سەتەلایت و ئامێرەكانییان دەستبەسەردا گرتووە، چونكە لای ئەوان سەیركردنی سەتەلایت و كەناڵە ئاسمانییەكان حەرامكرابوو، بۆ ئەوەی كەس گوێی لە پێشكەوتنەكانی هێزە ئەمنییەكان نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی خەڵك نەزانێت حكوومەت و دەوڵەت چییان لە هاوڵاتییان دەوێت".
دەشڵێت:" لەم بارەگایە چەندین سەتەلایت دەبینن كە هی خەڵك بوون و دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەمەش یەكێكە لەو وەسڵانەی كە دوای گرتنی سەتەلایتەكە پارەیان لەخەڵك پێ وەرگرتووە وەكو سزایەك".
محەمەد لە كۆتایی سییەكانی تەمەنیدایە، لەنێو ئامێرە شكاو و سووتاوەكانی سەتەلایت و سینییەكانییاندا راوەستاوە و قسە بۆ ئێمە دەكات، لە دەورووبەری دەیان ئامێر هەیە و هیچ كەسێک ناوێرێت لەترسی بۆمبی چێنراو دەستیان بۆ ببات. لە گەیارە كە تازە رزگاركراوە بۆمب بووەتە مۆتەكە، چونکە داعش دوایین ستراتیژی بەردەوامی بریتییە لە چاندنی بۆمبەكان لەهەموو شوێنێك، محەمەد لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەو دیوانەی داعش دەكات و دەڵێت:"هەر لێرە زیندانێکیان هەبوو، هەر كەسێك دژی ئەوان بووبێت و بە گوێی نەكردبن، دەیانگرت و ئەشكەنجەیان دەدا، لێرە زیندانی تاكەكەسی هەیە، بەشێكی زۆری ئەوانەی دەستگیردەکران لەسەر شتی بچووك بووە، نەك بابەتی ئاسایش، بۆ نموونە زۆرینەی ئەوانەی لێرە دەستگیركرابوون لەسەر جگەرەكێشان یان لەسەر كورت نەبوونی پانتۆڵ، ریش تاشین، یان سەتەلایت و شتی دیکە بوو. ئێرە بۆ داعش سەرچاوەی داهاتێكی زۆر بوو، چونكە سزایەكی ماددیی زۆریان بەسەر خەڵك دەسەپاند".
محەمەد كە خۆی یەكێكە لەو كەسانەی جگەرەكێش بووە، بەڵام هێندە بەنهێنییەوە جگەرەی كێشاوە ئاماژە بەوەدەکات هیچ كاتێک رووینەداوە لە ماوەی ئەو دووساڵەی رابردوو دەستگیربكرێت، هەروەها دەشڵێت:" لێرە داعش كەسیان نەدەكوشت، چونكە گیراوەكان لەسەر شتی بچووك دەگیران، بەڵام ئەشكەنجەیان دەدا، لێرە پارە و داهاتی زۆریان دەستكەوت، بۆ نموونە سزای جگەرەكێشان 25 هەزار دینار بوو، ئەوەی جگەرەی بفرۆشتایە سزاكەی لە 250 هەزار تا ملیۆنێك بوو كە ئەوەش پارەیەكی ئێجگار زۆر بوو".
حەسبە یەكێكە لە دیوان یان وەزارەتەكانی ''دەوڵەتی ئیسلامی'' ناسراو بەداعش كاری ئەم وەزارەتە فەرمان بە چاكە و رێگریكردن لە خراپەیە. لای داعش حەسبە كاری سەرەكیی رێگریكردنە لە هەندێك رەفتار و كرداری كاروباری رۆژانە و ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵك لەنێویاندا سەپاندنی نیقاب بەسەر ژناندا، هێشتنەوەی ریش لەلای پیاوان، كورتكردنەوەی پانتۆڵ و دشداشەی پیاوان، نەهێشتنی ئامێرەكانی سەتەلایت. لابردنی و لەناوبردنی گۆڕی پێغەمبەران و پیاوچاكانی هەموو ئایینەكان پاش تەقاندنەوەی، كاروباری بازاڕ و كڕین و فرۆشتن و بازرگانی، رێكخستنی هاتوچۆ و رێكخستنی دوكان و كۆشكەكان.
داعش چەندین دیوانی هەیە لە پاڵ حەسبەدا وەك دیوانی بەیتومالی موسوڵمانان یان زەكات، دیوانی موڵك و خانووبەرە، دیوانی تەندروستیی، دیوانی فێركردن، دیوانی خزمەتگوزارییەكان كە هەموویان بەرامبەرن بە وەزارەت.
لەكۆتایی قسەكانیدا محەمەد خدر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان یان ئەوانەی تۆمەتباردەكران بە بەبابەتی ئەمنیی، دەیانبردنە شوێنێكی دیکە كە پێیان دەگوت فەرمانگەی ئاسایش.
ئەو دەشڵێت لەسەردەمی داعش دەبوو خەڵك لەگەڵ بانگدا لە مزگەوت بن، نەدەبوو لە كاتی نوێژدا دوكانەكان كراوەبن، دەبوو ریشت بهێڵیتەوە، هەروەها لەكاتی نوێژ قەدەغەبوو لەسەر شەقام بیت، ئەو باس لەبوونی رێگرییەكی زۆر لەسەر هاتوچۆیان دەكات و دەڵێت "ژیان لەژێر دەستیاندا دۆزەخ بوو".