Sangar Hamad Azeez
23 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2016
هاوسەرۆکی هەدەپە، سەڵاحەددین دەمیرتاش: "من تاوەکو ئەمڕۆ داوام لە کەس نەکردووە بچێتە شاخ، من هاوسەرۆکی پارتێکی سیاسیم ئەگەر بێت و داوا لە گەنجێک بکەم کارێک بکات، ئەوا سەرەتا دەبێت بەخۆم ئەو کارە بکەم، من ئەگەر لێرە بم ئەوا داوا لە گەنجەکان دەکەم و دەڵێم وەرن سیاسەت بکەن و بەیەکەوە پارێزگاری لەو پارتە بکەین، ئەوە گوتەی من دەبێت".
لە میانی گوتارێکیدا لە خوانی بەربانگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئاگری کە لە باخچەی شارەوانی ساز کرا، سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی کردەوە لەوەی کە هەموو لایەک پێویستیان بە ئاشتیە.
ناوبراو باسی لە پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران کرد و گوتی: "دەڵێن گوایە ئێمە لەناو ئۆتۆمبیلەکانمان چەک هەڵدەگرین. تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیشیان نییە لەسەر ئەو بانگەشانەیان، ٥٥٠ دۆسیەیان بەرزکردۆتەوە بەڵام لە هیچ دۆسیەکان باس لە چەک هەڵگرتن نەکراوە، ناتوانن تۆمەتی لەو شێوەیەمان بۆ هەڵبەستن لەبەر ئەوەی دوورە لەڕاستی، بەڵام هەموو رۆژ سەرکۆمار ئەو قسەیە دووبارە دەکاتەوە. باشە کەسێک ئاوا بە ئاشکرا درۆ بکات مرۆڤ لێی ناترسێت؟ کەسێک کە ئاوا تۆمەت ببخشێتەوە و ماف و ئیرادەی ملیۆنەها کەس پێشێل بکات ئایا جێگای ترس نییە؟ کەسێک کە ئەو کارانە بکات هەموو کارێکی لەدەست دێت".
دواتر دەمیرتاش هاتە سەرباسی کارو چالاکییەکانی شارەوانییەکانی سەر بە هەدەپە و گوتی: "هەدەپە شارەوانی ١٠٠ شارو شارۆچکە و شارەدێ بەڕێوەدەبات، هەر هەموویان پشکنینیان بۆ دەکرێت، مادام دەڵێن پارە بۆ شاخ چوو با پشکنەرێک ئەوە بسەلمێنێت، زۆرینەی پارەکان لە خەرجی تاکەکەسی دەڕوات و بەشێکی کەم دەمێنێتەوە ئەوەیش برایەکانمان بەڕێکی خزمەتی هاووڵاتییانی پێدەکەن".
دەمیرتاش رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا ٩٣ جار لای داواکاری گشتی بە تێوەگلان لەگەڵ پەکەکە تۆمەتبار کراوە و گوتی: "من تاوەکو ئەمڕۆ داوام لە کەس نەکردووە بچێتە شاخ، من هاوسەرۆکی پارتێکی سیاسیم ئەگەر بێت و داوا لە گەنجێک بکەم کارێک بکات، ئەوا سەرەتا دەبێت بۆخۆم ئەو کارە بکەم، من ئەگەر لێرە بم ئەوا داوا لە گەنجەکان دەکەم و دەڵێم وەرن سیاسەت بکەن و بەیەکەوە پارێزگاری لەم پارتە بکەین، ئەوە گوتەی من دەبێت. بەڵام بەهۆی ستەمکاری حکوومەت و نادادپەروەری داواکارانی گشتی تاوەکو ئێستا بە هەزاران گەنج چوونەتە شاخ، دەمەوێت لەگەڵ ئەو داواکارانە قسە بکەم کە ئەو داوایانەیان لە دژی من کردۆتەوە، ئایا من زۆرتر گەنجم ناردووەتە شاخ یاخود ئەوان؟ ئەگەر تاوانەکە ئەوەبێت کێ زۆرتر گەنجی رەوانەی شاخ کردووە ئەوا خۆیان تاوانبارن، چونکە نادادپەروەری ئەو گەنجانە بەرەو شاخ دەبات".
ناوبراو گوتیشی: "با داوا لە دژی من بکەنەوە، ئەوە من نیم کە پەکەکە گەورە دەکەم، من لە هەوڵی فراوان کردنی پارتەکەی خۆمم، بە توندوتیژیش نا بەڵکو بەشێوەیەکی دیموکرات ئەو هەوڵە دەدەین. کاری من ئەوەیە بەڵام دیسانەوە دەیڵێم هیچ کەسێک هێندەی ئەو داواکارە گشتییانە بەهۆی ستەمەکانیانەوە گەنجانیان نەناردووەتە شاخ".